داهاتووی کەرتی نەوتی کوردستان دەتوانێت درەوشاوە بێت

سیستەمی نوێی مووچە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا، پشتی بەوە بەستووە مانگانە 317 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابینبکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی خۆی، مانگانە 375 ملیار دینار داهات بەدەستبهێنێت.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە، بەغدا بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە ناردنی مانگانە بڕی 317 ملیار دینار.

ئەو داهاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستیدەهێنێت بەندە بە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و هەروەها قەبارەی ئەو نەوتەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکات.

لە سەرەتای ساڵی 2018ـەوە بەهۆی هەوڵەکانی رێکخراوی ئۆپێک و ئەو هاوئاهەنگییەی لەلایەن وەبەهێنەرانی نەوت درووستبووە، بازاڕی نێودەوڵەتی نەوت بەرەو سەقامگیری زیاتر دەڕوات.

هەڵوێستی سعودیە، گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەی ئۆپێک بۆ ساڵی 2019، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕی نەوت داناوە و بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی نەوتی برێنت نزیکبێتەوە لە 70 دۆلار.

بەهێزبوونی بازاڕی نێودەوڵەتی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت کاریگەری ئەرێنی لەسەر داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان درووستدەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتوبەری 2017ـی کەرکووک، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نیو هێندەی خۆی دابەزی.

هۆکارێکی دیکەی ئەوەی شارەزایانی نەوت لە نێوانیشیاندا رۆبین میلز، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاریی قەمەر ئێنێرجی، پێیانوایە داهاتووی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت درەوشاوە بێت، ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کێشەی یاسایی و دارایی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان هەیبووە، لە ساڵی 2017ـدا چارەسەریکردن.

دیارترینی ئەو کێشانە، کێشەی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز بوو، کە لە مانگی 8ـی ساڵی 2017 بە پێدانی 1 ملیار دۆلار بە کۆمپانیاکە، لە بڕی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەلایەن کۆمپانیای داناگاز، چارەسەرکرا.

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2016ـدا بەهۆی دواکەوتنی حەقدەستەکان، بڕی 1.14 ملیار دۆلار قەرزداری کۆمپانیای DNO و بڕی 253.5 ملیۆن دۆلاریش  قەرزداری کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی بوو، کە دوو بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوتن لە هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە ئەو قەرزانەی بە پێدانی پشکی زیاتر لەو کێڵگە نەوتیانەی کە کاری تێدادەکەن، پاکتاوکرد. ئەمەش رێگەی بەو کۆمپانیانەدا وەبەرهێنانەکانیان لەو کێڵگە نەوتییانە دەستپێبکەنەوە.

رۆبین میلز پێیوایە لەبەر ئەو پێشهاتانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت داهاتووی کەرتی نەوتی خۆی پێشبخات بکات، ئەگەر لەگەڵ بەغدا ناکۆکییەکانی چارەسەربکات.


AM:10:20:02/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌