نەوت هەفتەیەكی زێڕینی بەڕێ كرد


شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆڕسە بەكۆتا هات و دواجار بازاڕی نەوت هەفتەیەكی زێڕینی بەڕێ كرد. لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا نرخی نەوت بە رێژەی سەرووی 6% لە نرخەكەی هەڵكشا.

بەگوێرەی dailyfx سەرەتای هەفتەكە نرخی نەوت 66 دۆلار بوو و جگە لە رۆژی چوارشەم كە نرخی نەوت كەمێك دابەزی، هەموو رۆژێك بەرزبوونەوەی نرخی نەوت تۆمار كرا و بە گشتی چوار دۆلار و 27 سەنت لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بەرز بووەوە.

تەنیا نرخی نەوتی برێنت بەرزبوونەوەی تۆمار نەكردووە، بەڵكو نرخی جۆرەكانی تری نەوتیش هەڵكشاوە. نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI لە 62 دۆلارەوە بەرز بووەتەوە بۆ 65 دۆلار و 72 سەنت.

نرخی نەوت دوای ئەوە رووی لە بەرزبوونەوە كرد كە وەزیری نەوتی سعوودیە بڵاوی كردەوە ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی پێویستیان بە هاوئاهەنگی و هاوكاری زیاتر هەیە تا رێگری لە نزمبوونەوەی نرخی نەوت بكەن. 

هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا روووی لە دابەزین كرد، جگەلەمە بە پێچەروانەی پێشبینییەكان ئاستی نەوتی كۆگەكراوی ئەمەریكاش دابەزینی تۆمار كرد.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و خستنەڕوو و هەر كاتێك نرخی نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنرێت و بخرێتە بازاڕەوە ئەوا نرخی نەوتیش روو لە دابەزین دەكات.

لە حوزەیرانی ساڵی 2014ەوە نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد و تا سەرەتای ساڵی 2016 لە سەرووی 100 دۆلارەوە بۆ 27 دۆلار دابەزی كە كاریگەریی زۆر خراپی خستە سەر وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و دواتر ئەو رێوشوێنانەی ئۆپێك و وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت گرتیانە بەر، توانییان نرخی نەوت بەرز بكەنەوە.

ئەگەر سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران درێژەیان هەبێت، ئەوا پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت زیاتر بەرز ببێتەوە، چونكە كاریگەریی بۆ ئەوە دەبێت ئێران نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی تر نەتوانێت بە ئاسانی هەناردە بكات.

كاتێك ساڵی 2016 دەستی پێ كرد نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گەیشتبووە ئاستێكی ئەوەندە كەم كە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی خستە بەردەم مەترسییەكی گەورە. ئاخر نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 27 دۆلار دابەزی ئەویش لە جۆری نەوتی برێنت و نەوتی ئۆپێك هەموو كاتێك شەش تا حەوت دۆلار كەمتر لە نەوتی برێنت دەفرۆشرێت.

 وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرمیلی نەوتیان بە 20 دۆلار ساغ دەكردەوە كە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بوایە، ئەوا تەنگژەی دارایی زۆر قووڵتر دەكردەوە. لە هەرێمی كوردستان نەوت لە خوارووی 18 دۆلار دەفرۆشرا.

رێك لەو كاتەوە تا ئێستە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت 43 دۆلار بەرز بووەتەوە كە بە رێژە دەكاتە نزیكەی 160%.

یەكێك لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی هۆكار بووە لەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا روو لە بەرزبوونەوە بكات و لە ئاستێكی بەرزدا بمێنێتەوە كۆبوونەوەی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بوو كە لە 30 تشرینی دووەمی ساڵی 2016 بەڕێوە چوو. لە كۆبوونەوەكە رێككەوتی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوتیان تا كۆتای ساڵی 2018 درێژ كردەوە. ئەگەر لە كۆبوونەوەكە كۆتا بە رێككەوتنەكە بهێنرایە، ئەوا دیسان نەوت رووی لە دابەزین دەكردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی بە جێگیری هێشتوویەتەوە تەنانەت نرخەكەشی بەرز كردووەتەوە.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە رووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان، ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت و دابەزینی بەرهەمهێنانیش نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە.

بەگوێرەی دوو رێككەوتنی جیاواز كە لە 30 تشرینی دووەم و 10ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2016 ئەنجام دراون، لە سەرەتای ساڵی 2017ی زاینییەوە دەبوو یەك ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كەم بكرێتەوە. ئەم وڵاتانە ساڵی رابردوو رێككەوتنەكەیان جێبەجێ كرد و نەیانهێشت نرخی نەوت بە نزمی بمێنێتەوە.

رێككەوتنەكە سەرەتا لە 30 تشرینی دووەم لە نێوان وڵاتانی ئۆپێك واژوو كرا و رووسیاش كە لە دەرەوەی ئۆپێكە، بەڵێنی دابوو بەشداری لە سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بكات، لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی تر لە كۆبوونەوەی 10ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2016 بڕیاری كەمكردنەوەی 562 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتیان دا. رووسیا 300 هەزار بەرمیل، مەكسیك 100 هەزار، ئازەربایجان 35 هەزار و كازاخستانیش 20 هەزار بەرمیل نەوت لە بڕی بەرهەمهێنانی كەم دەكاتەوە.

یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە دوو تا سێ ساڵی رابردوودا، ئەوەیە لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە ئاستی پێداویستی دنیا بە نەوتی خاو بەراورد بە ئاستی خستنەڕوو دابەزی.

تەنیا لە مانگی یەكەمی ساڵی 2014 ئاستی خستنەڕوو لە خوارووی ئاستی داخوازی بوو و لە مانگی شوباتی ئەو ساڵەوە ئاستی خستنەڕوو گەیشتە سەرووی ئاستی داخوازی، بەوەش دوای چەند مانگێك كۆگەكانی دنیا پڕ لە نەوت بوون كە دواجار دابەزینی نرخی نەوتی لێ كەوتەوە و دابەزینی نرخی نەوتیش لە حوزەیرانی ساڵەكەوە دەستی پێ كرد و لە سەرەتای 2016 گەیشتە نزمترین ئاست.

هەرێمی كوردستان كە كەمتر لە نیوەی جاران نەوت هەناردە دەكات، پێویستییەكی زۆری بە داهاتی نەوت هەیە و تەنانەت نیوە مووچەكەشی پێ دابەش نەكراوە. وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتیش گەشبینن بەوەی نرخی نەوت لە ئاستێكی بەرزدا جێگیر ببێت و بە داهاتەكەی بتوانن قەرەبووی ئەو زیانانە بكەنەوە لە سێ ساڵی رابردوودا بەریان كەوتووە.


AM:07:40:25/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌