بازاڕی حەوزە وشکەکەی سلێمانی زۆر کەم كڕیارى لێ ده‌بینرێت

 ئێستا کاتێک دەچیتە بازاڕی حەوزە وشکەکەی شاری سلێمانی، به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو چۆڵییەکی زۆر ده‌بینى، زۆر کەم كڕیارى لێ دەبینیت، ناوبه‌ناو كه‌سانێك بۆ فرۆشتنى زێڕ ده‌چنه‌ ئه‌وێ. 
 
شیرین-ى تەمەن ٥٠ساڵ، کە فەرمانبەرە لە فەرمانگەی کارەبای سلێمانی، یه‌كێك بوو له‌و ژنانه‌ى بۆ فرۆشتنى زێڕه‌كان-ى سه‌ردانى زه‌ڕه‌نگه‌ره‌كانى حه‌وزه‌وشكه‌كه‌ى كردبوو، وتى، به‌ ناچارى زێڕه‌كانى ده‌فرۆشێت.

"لەماڵی دنیادا ئەو ١٥ مسقاڵ زێڕەم هەبوو دەبێت ئەویش بفرۆشم، بۆتەواوکردنی خانووەکەم دەرگاو پەنجەرەی پێ تەواودەکەم"شیرین واى وت. 

سەرۆکی کۆمەڵەی زەڕەنگەران، ده‌ڵێت، خەڵک فریای ئەوە ناکەوێت زێڕ بکڕێت، ئێستا ته‌نانه‌ت فرۆشتنى زێڕیش كه‌مبووه‌ته‌وه.‌ 

دلێرتاهیر  وتی، "خەڵک زیاتر پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دەکڕێت، ئەگەر پارەی زیادی پێنەبێت ناتوانێت زێر بکڕێت، کڕینی زێڕ کەم بووەتەوە فرۆشتنیش لە ئێستادا کەمدەبێتەوە خەڵک هەرچی هەبووە پێشتر فرۆشتوویەتی." 

به‌وته‌ى زه‌ڕه‌نگه‌ران، وه‌رزى به‌هار وه‌رزى كڕینى زێڕه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ، كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ چواره‌م ساڵى قه‌یرانى داراییدایه‌، پێناچێت به‌هاره‌كه‌ى بۆ زه‌ڕه‌نگه‌ران ته‌نانه‌ت هاوشێوه‌ى پایزى پێش قه‌یران بێت.

دلێر لەتیف، زەڕەنگەر دەڵێت، کڕینی زێڕ لەلایەن هاوڵاتیانەوە، زۆر کەمیکردووە هەرچەندە ئێستا بەهارە، تا مانگێکی ترکڕینی زێر لەلایەن هاوڵاتیانەوە تارادەیەک زیاددەبێت، بەڵام لەچاو ساڵانی رابردوودا کەمیکردووە. 

دلێر باسی له‌وه‌ كرد، خەڵک زێڕ زۆرتر دەفرۆشێت، ئەوەی کە هەیانبووە زۆربەی فرۆشتوویانە، لە دووساڵی ڕابردوودا بۆیە لە ئێشتاشدا فرۆشتنێکی کەمیش ماوە.

به‌وته‌ى ئه‌و زه‌ڕه‌نگه‌ره‌، سەدا ٢٠ی جاران کڕین و فرۆشتن ماوە، "ڕۆژانە ئەگەر ١٠ هاوڵاتی بێنە لامان حەوت کەسیان ئاڵتوون دەفرۆشێت، سیانیان دەیکڕن".

تێكچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى شه‌ش مانگ و داخستنى فرۆكه‌خانه‌كان، قه‌یرانى كه‌مى مامه‌ڵه‌ى زه‌ره‌نگه‌رانى قوڵتر كردووه‌ته‌وه.‌

سروشت کامەران، زەڕەنگەر، وتى، داخستنی فڕۆکەخانەکانیش کاریگەری زۆری لەسەر نرخی زێڕهەبووە" کیلۆیەک ئاڵتوونی تێزاب، لە بازاڕدا  سێ هەزار دۆلار بۆ دوو هه‌زار دۆلار جیاوازی هەیە لەگەڵ جیهان داو بە حکومی ئەوەی کە لەبازاڕدا کەمتر وەردەگیرێت.

هۆكارى ئه‌وه‌شى گه‌رانده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى، هیچ سنورێک نه‌بووه‌ ئه‌و ماوه‌یە، زێڕ لێی بێتە ناوەوە، كه‌ فرۆكه‌خانه‌كان داخرابوو، لە بۆرسەی جیهانیدا هەر ئاڵتوونی کۆنە یاری دەکات تەنها مەگەر کەمتربێت ئەویش بەڕێگەی قاچاخ یان ڕێگەیەکی تایبەت.

خه‌ندان


PM:08:05:23/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌