لە دەریاچەی دوکان سەدان کەس سەرقاڵی جۆرە راوکردنێکی تایبەتی ماسی گرتنن

ساڵانە و لەم وەرزەدا کە بە وەرزی زاوزێی ماسییەکان ناسراوە، لە دەریاو دەریاچە و رووبارەکاندا ماسییەکان بۆ زاوزێ و دانانی گەراکانیان روو لە قەراخ ئاوەکان بەتایبەت نێو گژوگیاو زۆنگاوەکان دەکەن.

لە دەریاچەی دوکان و لە گوندی مەمەندئاوا (گوندێکی سەر بە قەزای دوکانە لە باکووری رۆژئاوای سلێمانی بە دووری ٩٠ کلم لە شاری سلێمانی و دەکەوێتە سەروو دەریاچەکەوە) ژمارەیەکی زۆر کەس لە گەورە و بچووک بە تۆڕێکی تایبەت کە تۆڕێکی بچووکە و بە بۆرییەکی بازنەییەوە بەستراوەتەوە بە وردی چاودێری ماسییەکان دەکەن بۆ راوکردنیان لەو کاتەی لە قوڵایی ئاوەکەوە بەرەو قەراخ ئاوەکان دێن.

زۆرینەی ئەو کەسانەی ئەم جۆرە راوە دەکەن، وەک خولیا و حەزێکی تایبەتی خۆیان ساڵانە لەم کاتەدا ئەو راوە دەکەن و کەسانی راوچی تایبەت نییە.

ئەوان وەک خۆیان دەڵێن، خەڵکی ناوچەکەن و پیشەی دیکەیان ھەیە، بەڵام ساڵانە و لەم کاتەدا لەپێش وادەی قەدەغەکردنی راوە ماسی دێنە قەراخ ئاوەکە و بە شەداو راوی ئەو ماسییانە دەکەن، بەشی زۆری ھۆکاری ھاتنەکەشیان حەزو خولیایە نەک ھۆکارێکی ماددی.

بەشێکی ئەو کەسانە لە درەنگانی شەوەوە دێنە قەراخ ئاوەکە و تا رۆژی دواتر دەمێننەوە و لە قەراخ ئاوەکەدا بە شەداوەکانیانەوە چاودێری ھاتنی ماسییەکان دەکەن تا راویان بکەن و ماسییەکان بخەنە نێو داوی شەداوەکانیانەوە.

ئەم جۆرە راوکردنە راوکردنێکی زۆر ئاسان نییە و ئەوانەی ئەو راوە دەکەن پێویستە کاتێکی زۆر لەناو ئاوەکەدا بمێننەوە و لە کاتی ھاتنی ماسییەکاندا بە وریایی مامەڵە بکەن و بە زیرەکی خۆیان و شەداوەکەشیان بۆ ماسییەکە ھەڵبدەن تا راوی بکەن.

حەسەن فەتاح پیاوێکی تەمەن ٤٥ ساڵانی دانیشتووی ناوچەکەیە، ئەو لە درەنگانی شەوەوە لەگەڵ دوو کوڕیدا ھاتبوونە قەراخ ئاوەکە، ئەو باس لەوە دەکات ئەم جۆرە راوکردنە راوێکی تایبەتە و دەستکەوت و گرتنی ماسیەکانیش بە رۆژ کەوتووە، بەجۆرێک رۆژ ھەیە ماسییەکی زۆر دەگرن و رۆژیش ھەیە ماسییەکیان دەستگیر نابێت.

حەسەن فەتاح وتی: "ساڵانە لەم کاتەدا ماسییەکان دێنە ئەم شوێنانە کە گژوگیا و پەرچی لێیە و نێرە و مێیە دەکات و گەرا دەڕێژن، ئەمەش لە بەھاران لە ناوەڕاستی مانگی سێ دەست پێدەکات تا کۆتایی مانگی چوار، بەو شێوەیە ماسی نێرە و مێیە دەکات، خەڵکانێکیش دێنە ئێرە و تا پێش قەدەغەکردنی راوە ماسی، سوود لەو دۆخە وەردەگرن و لە رێگەی شەداوەوە راوی ماسی دەکەن".


PM:12:44:22/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 315 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌