تره‌مپ رێگه‌ی گرت له‌ فرۆشتنی كۆمپانیه‌یه‌ك به‌ ١١٧ ملیار دۆلار

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ واژووی له‌سه‌ر بڕیارێكی سه‌رۆكایه‌تی كرد كه‌ رێگه‌ ده‌گرێت له‌ كڕینی كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنی شانه‌ی ئه‌لیكترۆنی Qualcomm له‌ لایه‌ن كۆمپانیای Broadcom كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ سینگاپوره‌ به‌ بڕی ١١٧ ملیار دۆلار.

كۆشكی سپی رایگه‌یاند، تره‌مپ به‌ بڕیاره‌كه‌ی جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ به‌ هۆكاری "ئاسایشی نیشتمانی" ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ی به‌ گونجاو نه‌زانیووه‌. له‌ بڕیاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ "به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست له‌به‌رده‌ستدان كه‌ Broadcom و هاوبه‌شه‌كانی ده‌توانن هه‌نگاوی له‌وجۆره‌ بنێنن كه‌ زیان له‌ ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریكا ده‌ده‌ن".

له‌ ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنیدا له‌وانه‌یه‌ گه‌وره‌ترین رێككه‌وتننامه‌ بووایه‌ له‌ مێژووی ته‌كنه‌لۆجیادا، به‌ڵام به‌و بڕیاره‌ فرۆشتنی Qualcomm "قه‌ده‌غه‌" كرا.

به‌رپرسانی Broadcom كه‌ ره‌خنه‌یان له‌ بڕیاره‌كه‌ هه‌یه‌، داكۆكی له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ هیچ جۆره‌ مه‌ترسییه‌كی نییه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا.

Broadcom سه‌ره‌تا له‌ ئه‌مریكا دامه‌زرا و دواتر له‌ ساڵی ٢٠١٦ به‌ كۆمپانیای Avago فرۆشرا و له‌ سینگاپور ده‌ستی كرده‌وه‌ به‌ كاره‌كانی، ده‌یویست له‌ رێگای كڕینی Qualcomm به‌ تایبه‌تی له‌ بواری ته‌كنه‌لۆجیای مۆبایل و شانه‌ی ئه‌لیكترۆنی بچێته‌ ریزی گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی جیهان. 



PM:07:17:14/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌