عێراق هاورده‌ی‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه‌

جبار لعێبی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ عێراق به‌نیازه‌ هاورده‌ی‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان به‌ڕێژه‌ی‌ (25%) كه‌م بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ داهاتێكی‌ باش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی‌ وڵات.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا لعێبی‌ رونیكردوه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌ی‌ دوباره‌ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی‌ پاڵاوگه‌كانی‌ نه‌وت كه‌ پێشتر به‌هۆی‌ هێرشی‌ تیرۆریستانه‌وه‌ له‌كار كه‌وتبون و هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی‌ دوباره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی‌ نه‌وت، وایكردوه‌ ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنان ناوخۆ به‌ڕێژه‌یه‌ك زیاد بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنان زیاد كراون بۆ پاڵاوگه‌كانی‌ باشور و ناوه‌ڕاستی‌ عێراق.

هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ته‌ئكیدیش كراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ عێراق له‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ غازی‌ شل به‌جۆرێك كه‌ پشت به‌خۆی‌ ببه‌ستێت، كاریگه‌ریی‌ زۆری‌ هه‌بوه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ هاورده‌ی‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان، هه‌روه‌ها كارپێكردنی‌ یه‌كه‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنان له‌ پاڵاوگه‌كانی‌ حه‌دیسه‌ و گیاره‌ و كه‌ركوك رۆڵی‌ باشیان بینیوه‌ له‌ زیادكردنی‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان.

 


PM:05:31:12/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌