راوێژكاری ئابووریی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌

گاری جۆن، گه‌وره‌ راوێژكاری ئابووریی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ به‌ هۆی بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر خشته‌كانی گومرك كه‌ بڕیاره‌ بهێنرێته‌ سه‌ر هاورده‌ی پۆڵاو ئه‌له‌منیۆم، ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌.

جۆن كه‌ دوایین كه‌سه‌ ماڵئاوایی له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی ترەمپ ده‌كات، به‌ راگه‌یه‌نراوێك پشتڕاستی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی بڵاوببوونه‌وه‌.

جۆن له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێت "شانازی ده‌كه‌م به‌ خزمه‌تكردنی وڵات و به‌تایبه‌تی له‌ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی ئابووریی كه‌ لایه‌نگری گه‌شه‌ی ئابوورین و سوود به‌ ئه‌مریكییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت وه‌ك چاكسازی مێژوویی له‌ باجدا. سوپاسی سه‌رۆك ترەمپ ده‌كه‌م بۆ ئه‌و متمانه‌یه‌ی پێی كردم. هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ خۆی و حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌خوازم له‌ داهاتوودا".

دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی جۆن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاند "گاری وه‌ك گه‌وره‌ راوێژكاری ئابووریی من كاری باشیكرد له‌ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ته‌كانمان، كه‌مكردنه‌وه‌ی باج و هاوكاری كردنمان له‌ جێبه‌جێكردنی چاكسازی و رزگاركردنی ئابووریی ئه‌مریكا. سوپاسی ده‌كه‌م له‌و خزمه‌ته‌ی پێشكه‌ش به‌ ئه‌مریكیه‌كانی كردووه‌".

هاوكات تره‌مپ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ كاتێكی كورتدا ناوی ئه‌و كه‌سه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ دێته‌ شوێنی گاری.


PM:12:22:07/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 147 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌