وردەكاریی بڕیارەكانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم

بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بڕیاردرا خانووە بێ تاپۆكانی هەرێمی كوردستان تاپۆ بكرێن و چاوەڕوانیش دەكرێت نزیكەی 60 هەزار خێزان بەو فەرمانەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەهەموو شارو شارۆچكەكان سوودمەندبن. هاوكات هەر بەبڕیاری جێگری سەرۆكی حكومەت، زیاتر لە 11 هەزار كەس لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و زیندانیانی سیاسی‌و رزگاربووانی ئەنفال، لە وەرگرتنی زەوی سودمەند دەبن.

لەم دیدارە تایبەتەی كوردستانی نوێدا، نەورۆز قازی سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، وردەكاریی ئەو دوو بڕیارە رووندەكاتەوە.


* بڕیاری تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكان لەسەر چ بنەمایەك داڕێژراوە؟

– لەسەرەتای دەستبەكاربوونی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەناوەڕاستی ساڵی 2014 و لەچوارچێوەی سەردانیكردنی بۆ شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، یەكەم داواكاری هاووڵاتیان لە قوباد تاڵەبانی بریتی بوو لە تاپۆكردنی خانووەكانیان كە دەیان ساڵە تێیدا نێشتەجێن‌و هەموو خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابینكراوە، بەڵام بێ ئەوەی وێنەی تۆماریان هەبێت‌و بتوانن مامەڵەی یاسایی پێوە بكەن یان نۆژەنی بكەنەوە. سەرەنجام جێگری سەرۆكی حكومەت بەندەی راسپارد بە لێكۆڵینەوەكردن‌و چارەسەركردنی كێشەی ئەو هاووڵاتیانە بەپێی دەسەڵات‌و یاساكارپێكراوەكان.

* پێتانوانییە ئەو بڕیارە دەرگا بكاتەوە بۆ ئەوەی خەڵكی تر زیادەڕۆیی لەسەر مۆڵكی گشتی بكەن؟

– بڕیارەكە ئەو خانووانە ناگرێتەوە كە زیادەڕۆن، بەڵكو ئەو خانووانە دەگرێتەوە كە لەئەنجامی فراوانبوونی شارو شارۆچكەكانی كوردستان دروست بووەو وێنەی تۆماریان نییە، یان بەهۆی راگواستنی گوندنشینانی كوردستان بۆ شارەكان لەسەردەمی رژێمی رووخاوی بەعس‌و دروستبوونی ئەو گەڕەكانە بەشێوەیەكی نەخشەداڕێژراو، زەوی دابەشكراوەو مۆڵەتی بیناكردنیان وەرگرتوەو هەروەها ناوی گەڕەكەكانیش لە شارەوانیەكان نراوە لەگەڵ دابینكردنی هەموو خزمەتگوزارییەكان، واتە ئەم خانووانە زیادەڕۆیی نین (تەجاوز)، هەر بۆ زانیاری تا ئێستا پڕۆسەی رووخاندنی خانووی زێادەڕۆ بەردەوامەو ئەو كەسانەشی ئەو كارە دەكەن دەدرێن بە دادگا.

* كێن ئەوانەی لەو بڕیارە سوودمەند دەبن و ژمارەیان چەندە؟

– ئەوانەی كە لە خانووەكەی نیشتەجێیە یان ئەو هاووڵاتیانەی كە لە شارەوانیەكان ناونووسكراون سوودمەند دەبن، بۆ زانیاریش تەواوی ئەو كەسانەی كە لەو بڕیارە سوودمەند دەبن، خێزانی هەژارو كەمدەرامەتن، كە خەمی سەرەكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمە كە دەبێت هەموو هاووڵاتییەك خاوەنی خانووی سەربەخۆی خۆی بێت لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون.
هاوكات، مەزەندە دەكرێت نزیكەی 60 هەزار خێزان بەو فەرمانەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەهەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان سوودمەندبن. ئەمە جگە لەوەی پڕۆسەكە لە گەرمیانەوە تا زاخۆ بەردەوام دەبێت.

* بۆچی بە فەرمانێكی گشتگیر ئەم پڕۆسەیە ئەنجامنەدرا؟

– دوای لێكۆڵینەوەكردن لە كێشەی خانووە بێ تاپۆكان‌و چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەری شارەوانییە پەیوەندیدارەكان‌و پێشكەشكردنی دەرئەنجامی كۆتایی بە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و تاوتوێكردنی وردەكارییەكان، قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا كە هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندێتی خۆی كارەكانیان ئەنجام بدەن، بۆ نمونە ئەو كێشەیەی كە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ئاكرێ هەیەتی جیاوازە لەكێشەكانی شارەوانی گەرمیان، هەروەها شاری كۆیە لەگەڵ شاری رانیەدا.

* ئامانجتان چییە لەم پڕۆسەیە، ئایا دواتر مۆڵكی بێ تاپۆ دەمێنێت؟

– ئامانجمان ئەوەیە نیشتەجێبووانی ئەم خانووانە سەربەرزانە بژین بێ ترس‌و باری ژیانیان باشتر بكرێت‌و بووژانەوە بكەوێتە بازاڕی خانووبەرەو بە ئازادی مامەڵەی پێوە بكەن. ئەوەی كە بێ تاپۆیە ئەو خانووانەیە كە لەئەنجامی فراوانبوونی حەرەمی گوندەكاندا كەوتونەتە سنووری شارەوانیەكان‌و لە بری وێنەی تۆمار، فۆرم‌و كارتیان وەرگرتووە، ئەو زەویانە یان خانووانە دەكەونە چوارچێوەی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 2012ی یاسای حەرەمی گوندەكان‌و رێنماییەكەی كە پەسەند كراوە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەمەبەستی تاپۆكردنی لەسەر خاوەنەكەی‌و بەمنزیكانەش دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

* ئایا ئەم فەرمانانەی كە دەردەچێت، خانووە حكومییەكان دەگرێتەوە؟

– وەك لە فەرمانەكەدا هاتوو ئاماژە بە (خانووە بێ تاپۆكان) دراوە، بەو پێیەی خانووی حكومی تاپۆی هەیە و حكومەت خاوەنێتی، بۆیە خانووە حكومییەكان ناگرێتەوە.

* چەند كەس سوودمەند دەبێت لە بڕیاری زەوی دابەشكردن بەسەر كەسوكاری شەهیدان‌و راگیراوانی سیاسی‌و كەسوكاری ئەنفالكراوان؟ مەبەست لەو بڕیارە چی بوو؟

– ژمارەی سودمەندبووان بە فەرمانی دابەشكردنی زەوی بەسەر خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و زیندانیانی سیاسی‌و رزگاربووانی ئەنفال، 11 هەزارو 141 هەزار كەس دەبێت. ئێمە بەپێی یاسای ماف‌و ئیمتیازاتی خانەوادەی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان هەروەها یاسای ماف‌و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی، قەرزاریانین‌و دەبێت بەپێی یاسا پێیان ببەخشرێت، بۆیە دەبێت بەڵێنەكانمان بەپێی یاسا جێبەجێ بكەین.

* كەی ئەو بڕیارە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە؟

– هەندێك رێكاری كارگێڕی هەیە كە دەبێت پەیڕەو بكرێت، ئەویش بە دەركردنی فەرمانێكی وەزاری لەلایەن وەزارەتی شارەوانی هەرێمەوە، دواتر دەبێت زەوی ئامادە بكرێت‌و ئیفراز بكرێت لەو شارەوانیانەی كە زەوی ئیفرازكراوی نییە.

* هیچ بەربەستێك لە بەردەم ئەو كەسانە ماوە بۆ وەرگرتنی زەویەكانیان؟

– ئەو خانەوادانەی كە لەمەوپێش سوودمەندبوون، بۆ هەمان مەبەست ناتوانن بۆ جاری دووەم سوودمەندبن، هەروەها ئەگەر وەك زیندانی سیاسی سوودمەندبووبێت، ئەوە ناتوانرێت بۆ جاری دووەم سوودمەند بێت وەك زیندانی سیاسی.

* رەخنە هەیە لەو دوو پڕۆسەیە، گوایە بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە، قسەی ئێوە چییە؟

– ماوەی سێ ساڵ‌و شەش مانگە سەرقاڵی ئەم پڕۆسەیەین‌و بەڵگەی زۆرمان هەیە لە دۆكیۆمێنت‌و یاداشت، كۆبونەوەمان لەگەڵ سەرۆك شارەوانی‌و پارێزگارو سەرۆكی ئیدارە سەربەخۆكان‌و قائیمقامەكان ئەنجامداوە بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی كە ئاماژەمان پێداو جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران. كە گوێم لەو رەخنەگرانە بوو لەوە ئەچوو پێیان ناخۆشبێت ئەو كێشانە چارەسەر بوبێت بۆ هەژارو كەمدەرامەتان، پێدەچێت لەمەودوا نەتوانن ئەو پرسانە وەك بەڵێنی هەڵبژاردن بەكاریبهێنن‌و نائومێدبوون كە چارەسەر بووە.

 دیداری: كوردستانی نوێ


PM:04:04:05/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌