''مانگانە ملیۆنێک‌و ٥٠٠ هەزار مریشک لە سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت''


بەهادین عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان لەم گفتوگۆیەیدا لەگەڵ سایتی بازرگانی‌و پیشەسازی دەڵێت '' مانگانە زیاتر لە ملیۆنێک‌و ٥٠٠ هەزار مریشک لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام راگرتنی هەناردەکردنی بۆ پارێزگاکانی باشور و ناوەراستی عێراق ئەم کەرتەی بەرەو داروخان بردوە''.

لەبەرچی حکومەتی عێرق هەناردەی مریشکی زیندوی کوردستانی بۆ باشووری عێراق قەدەغە کردوە؟
بەهادین عەبدوڵا: بە نوسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە کردوێتی بۆ ئەنجومەنی وەزیران داوا دەکات رێگە نەدەن بە هاتنی مریشکی زیندوی کوردستان بۆ بارێزگاکانی باشور و ناوەراستی عێراق بە بیانوی ئەوەی نەخۆشی هەیە، بەبێ ئەوەی دیاری بکات چ جۆرە نەخۆشیەکە، لەکاتێکدا هیچ حالەتێکی نەخۆشی لەکوردستان تۆمار نەکراوە بەڵکو لای خۆیان لەدیالە نەخۆشی هەبووە.
بەرهەم هێنانی پلەوەر لە سلێمانی لە چ ئاستێکدایە؟
بەهادین عەبدوڵا:  لەسنوری پاريزگای سلێمانی لەپێداویستی ناوخۆی شارەکە زیاتر مریشک و بەرهەمە پەلەوەریەکان بەرهەم دێت و لێشمان زیادە.
لەئێستادا چەند کێڵگەی پەلەوەری لەشاری سلێمانی هەیە؟
بەهادین عەبدوڵا:  بەگوێرەی ئامارەکان کە مانگێک لەموپێش راپرسی کراوە و ئامادەکراوە، ٦٥٥ کيڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر لەسنوری پارێزگای سلێمانی هەیە٢٦٠ کێڵگەی دیکە لەقۆناغی دروستکردندان مۆڵەتی سەرەتایان وەرگرتوە.
توانایی بەرهەم هێنانی ئەم کێڵگانە لە چ ئاستێکدایە؟
بەهادین عەبدوڵا:  کێڵگە کۆنەکانی پارێزگای سلێمانی کە کەوتبونە ماستەر پلانەوە کۆن و بچوک بون و توانای بەرهەمهێنانیان کەم بوو بەڵام ئێستا کێڵگەمان هەیە توانای بەرهەم هێنانی ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار مریشکی هەیە.
مانگانە توانایی بەرهەم هێنانی مریشک لەسلێمانی چەندە؟
بەهادین عەبدوڵا:  مانگانە زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار مریشک لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت، ئەم کەرتە تاکە کەرتە لەکوردستاندا کە سەرباری قەیرانی دارایی لە گەشەکردن و فروانبوندایە.
بڕیارەکەی بەغدا زیانی لەم کەرتە داوە؟
بەهادین عەبدوڵا: ئەگەر ئەم بریارە بەردەوام زیانی زۆر گەورە بەر کەرتی پەلەوەر دەکەوێت جگە لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر، کارگەکانی دروستکردنی عەلەف و بەرهەم هێنانی مریشکی ئومەهات و هیلکەش زیانیان بەر دەکەوێت کەمارۆی سەر بەرهەمی کوردستان بەردەوام بێت هەموی دای ئەخات و واز لەکارکردن دەهێنێت.
چۆن دەتوانرێت ئەم باردۆخە چاسەربکرێت؟
بەهادین عەبدوڵا: تاکە رێگای رزگارکردنی کەرتی پەلەوەر لە ڕوخان قەدەغەکردنی مریشکی بەستووی هاوردەیە بەتایبەتی مریشکی بەستوی تورکی چونکە ئەو مریشکانە لەتورکیا بەرهەم ناهێنرێت بەڵکو لە سین و ئۆکرانیا بەرهەم دەهێنرێت و مانگانە ٥٠٠ تەن دێتە سلێمانیەوە.



AM:11:24:04/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 761 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌