به‌غداد ره‌زامه‌ندى نیشانداوه‌ بۆ به‌ره‌سمى ناساندنى شه‌ش مه‌رزى پارێزگاى سلێمانى

له‌ چوارچێوه‌ى رێكخستنه‌وه‌ى خاڵه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێم، حكومه‌تى عێراق ره‌زامه‌ندى نیشانداوه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌سمى ناساندنى شه‌ش مه‌رزى لاوه‌كى له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى, به‌پێى بڕیاره‌كه‌ى به‌غداد ئه‌و شه‌ش مه‌رزه‌ و هه‌موو خاڵه‌ سنوورییه‌كانى ترى هه‌رێم به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمدا به‌ڕێوه‌ببرێن. 

ئه‌م بڕیاره‌ له‌چوارچێوه‌ی رێكخستنی خاڵه‌ سنوریه‌كان دێت كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیاری له‌باره‌وه‌ دراوه‌، پارێزگاری سلێمانیش هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر رایگه‌یاند ''بڕیاره‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كوردستاندایه‌ و له‌مودوا  هه‌موو مه‌رزه‌ لاوه‌كیه‌كان به‌فه‌ری ده‌ناسرێن و جموجۆڵی بازرگانی زیاد ده‌كات''.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر راشیگه‌یاند ''به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی وخۆجێی و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان خۆشبه‌ختانه‌ حكومه‌تی عێراق پێی راگه‌یاندین ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ش مه‌رزه‌ داوه‌، ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه‌ له‌ قۆناغی داهاتوودا ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ رێكخستنیان، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین گرفتی كۆڵبه‌ری له‌و مه‌رزانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین''.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوریه‌كان به هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق به‌رێوه‌ده‌برێن، سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌ڵێت ''ئه‌م بریاره‌ ده‌رفه‌تی كار و جموجۆڵی بازرگانی زیاتر ده‌ره‌خسێنێت''.

سیروان محه‌مه‌د راشیگه‌یاند ''شاری سلێمانی له‌رووی بازرگانیه‌وه‌ پێشكه‌وتوترین شاره‌ له‌به‌ر وه‌وه‌ سنورێكی به‌رفراوانمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و كاروچالاكی بازرگانیمان زۆره‌، كۆمه‌ڵێك ده‌روازه‌ی سنوری فه‌رمی و نافه‌رمی له‌نێوانماندایه‌ له‌ساڵی ١٩٩١كه‌وه‌ ئه‌م ده‌روازه‌ سنوریانه‌ كاروچالاكی خۆیان كردوه‌ و سودێكی زۆر بۆ ناوچه‌كه‌ و هاوڵاتیان و بازرگانان هه‌بووه‌ داخستنی به‌شێك له‌م ده‌روازانه‌ له‌ڕابردوودا گه‌وره‌ترین زیانی به‌ شاری سلێمانی گه‌یاند، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌وڵێكی زۆرماندا كه‌ ئه‌م مه‌رزانه‌ بكرێنه‌وه‌ خۆشبه‌ختانه‌ دوێنی ره‌زامه‌ندی درا شه‌ش ده‌روازه‌ سنوری تر بكرێته‌وه‌''. 

بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق مه‌رزه‌كانی (سه‌رته‌ك و هه‌ڵاڵه‌ و زه‌ڵێ و مله‌خورد و هۆشیاری و شابه‌ردین) له‌سنوری پارێزگای ده‌گرێته‌وه‌.
 
 


PM:10:38:01/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 1845 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌