دوو ملیۆن دۆلار بۆ چوار پڕۆژه‌ی گرنگ له‌سلێمانی ته‌رخانكرا

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری‌ سلێمانی‌ ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوی (UNDP)وه‌ بڕی دو ملیۆن دۆلار بۆ چوار پڕۆژه‌ی گرنگ له‌سلێمانی ته‌رخانكراوه‌.

له‌راگه‌یه‌نراوێكدا پارێزگاری‌ سلێمانی‌ رونیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ له‌برۆكسل له‌گه‌ڵ موراد وه‌هبه یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمایه‌تیی ڕێكخراوی UNDPو ستافی هاوكاری كۆبونه‌ته‌وه‌.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر رایگه‌یاندووه‌، ئه‌مساڵ بڕی دو ملیۆن دۆلاریان بۆ چوار پڕۆژه‌ی گرنگ له‌سلێمانی ته‌رخانكردووه‌و له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ڕێی‌ پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ ده‌ست به‌ڕێكاره‌ ته‌كنیكییه‌كانیان ده‌كرێت، ئه‌وانیش ئه‌م پڕۆژانه‌ن:

1. نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تۆڕی دابه‌شكردنی كاره‌با له‌ناو شاری سلێمانیدا.
2. دروستكردنی دو تانكی ئاوو ڕاكێشانی تۆڕی ئاو بۆ گوندی سه‌دوبیست.
3. ڕاكێشانی تۆڕی ئاو بۆ گه‌ڕه‌كی كه‌نه‌سوره‌.
4. پاككردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆو تۆڕی باراناو له‌ناو شاری سلێمانیدا.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی ئێستای هه‌رێم‌و پارێزگای سلێمانی‌و به‌تایبه‌تیش باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان‌و بایه‌خی پشتیوانییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان خرانه‌ڕو.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌ كه‌ به‌وردی باس له‌بارودۆخی عه‌فرین كراوه‌و "داوامانكرد كه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك شاره‌كانی شه‌نگال‌و دوزی لێبێت، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی فشار بكات بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕو چه‌سپاندنی ئاشتیی له‌عه‌فریندا، ڕۆڵی خۆیان له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدادا زیاتر بكه‌ن.”

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و هه‌ر ئه‌مرۆ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌گه‌ڵ خاتو ڕافایلا سه‌رۆكی ژوری حۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و باشوری ئاسیا له‌یه‌كێتیی ئه‌وروپاو ستافه‌كه‌یدا كۆبونه‌وه‌.

پارێزگاری‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێت، "وابڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا دوا بڕیاری خۆیان له‌سه‌ر دابینكردنی بودجه‌ی ئه‌م پڕۆژانه‌ی پارێزگای سلێمانی بده‌ن كه‌ ئه‌مڕۆ پێشكه‌شمانكردن”.

پرۆژه‌كان بریتین له‌:

1. جیاكردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆی نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانی به‌تایبه‌تیی نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به‌شێرپه‌نجه‌و چاندنی مۆخ له‌ ئاوه‌ڕۆی گشتیی.
2. دامه‌زراندنی سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت به‌پشكنینی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌ ناوخۆیی‌و هاورده‌كان.
3. زیادكردنی توانستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌هه‌ردو به‌نداوی دوكان‌و ده‌ربه‌ندبخان.
4. دامه‌زراندنی وێستگه‌یه‌كی 10 مێگاواتی كاره‌با به‌وزه‌ی خۆر له‌گه‌رمیان.
5. پرۆژه‌ی پێوانه‌كردنی ڕاده‌ی ئاوی ژێرزه‌ویی‌و پاراستنی سامان‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو.

رۆژی 21-2-2018 هەرسێ پارێزگاری سلێمانی‌و هەولێرو دهۆک به‌شداریان له‌کۆنفرانسی وزە لەبرۆکسل کرد.


PM:04:59:24/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 2095 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌