بازاڕى یارییه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كان له‌ كوردستان گه‌رمه‌

كڕین و فرۆشتنى یارییه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كان، له‌ هه‌رێمى كوردستاندا نوێیه‌، زیاتر ئه‌و یارییانه‌ كڕین و فرۆشتنى پێوه‌ ده‌كرێت كه‌ ئۆنلاینن، هه‌ندێك له‌و یارییانه‌ نرخه‌كه‌ى گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌زار و 500 دۆلار.

به‌ پێى وته‌ى ئه‌و دوكانداره‌، یارییه‌كانى كۆمپانیاى سوپه‌رسێڵ، داخوازیی زۆریان له‌سه‌ره،‌ وه‌ك یارییه‌كانى بۆمببیچ، كڵاش ئۆف كڵان، كڵاش ڕۆیاڵ، جگه‌ له‌وانه‌ش یارییه‌كانى سلۆتۆمانیا و مه‌زره‌عه‌ سه‌عیده‌، له‌و یارییانه‌ن خه‌ڵك به ‌پێى لیڤڵ و به‌رزیى ئاستیان پاره‌ى پێ ده‌دات.

هێرش جه‌مالى 31 ساڵ، كه ‌خاوه‌نى كۆمپیوته‌رى هێرشه‌ له‌ناو بازاڕى كارێزه‌وشكى سلێمانی ڕاگه‌یاند، كڕین و فرۆشتن به‌و یارییانه‌وه‌ به‌رده‌وام هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا نرخه‌كه‌ى له ‌چاو جارانه‌وه‌ كه‌م بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام یارى هه‌بووه‌ به‌ 15 وه‌ره‌قه‌ فرۆشراوه‌.

ئه‌و یارییانه‌ له‌سه‌ر مۆبایلى سمارتفۆن ده‌كرێن و به‌ شێوه‌ى ئۆنلاین یارییه‌كان ده‌كرێن و به‌ ئه‌كاونتێكه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌، زۆرینه‌ى دوكانداره‌كان له‌ لیڤڵه‌ نزمه‌كاندا به‌ 30 هه‌زار ده‌یانكڕین دواتر یارییان پێ ده‌كه‌ن و لیڤڵه‌كان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ 10 بۆ 20 هه‌زار دینار خێر ده‌یان فرۆشنه‌وه‌.

جگه‌ له‌ دوكانى كۆمپیوته‌ر و ئه‌لكترۆنییات و ته‌له‌فۆنه‌كان ئه‌و یارییانه‌ له‌و په‌یج و سایتانه‌ى مامه‌ڵه‌ به‌ كه‌لوپه‌لى ده‌ستى دووه‌وه‌ ده‌كه‌ن ڕیكلامیان بۆ ده‌كرێت و ده‌فرۆشرێن.

دواڕۆژ عومه‌ر 30 ساڵ، یه‌كێكه‌ له‌و گه‌نجانه‌ى خۆى به‌شێك له‌و یارییانه‌ى كردووه‌ و ئاگادارى كڕین و فرۆشتنیان بووه‌ وتى: ״ئه‌و یارییانه‌ى ده‌فرۆشرێن یارییه‌ ئۆنلاینه‌كانن به‌تایبه‌ت شه‌ریكه‌ى سوپه‌رسێڵ كه‌ سه‌ره‌تا یارى هه‌بوو وه‌ك كلاش ئۆف كڵانس پانزه‌ وه‌ره‌قه‌ى ده‌كرد و شێخه‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌یانكڕى״.

وتیشى: ״من یارییه‌كم له‌ کڵاش ئۆف کڵان بۆ براكه‌م كڕى به‌ 80 هه‌زار، ڕاسته‌وخۆ ئه‌كاونته‌كه‌مان لێ وه‌رگرت كه‌ یارییه‌كه‌ى له‌سه‌ر كرابووه‌وە و پاسوۆردمان گۆڕی و لاى ئه‌ویش سڕیمانه‌وه‌، به‌ڵام كڕین و فرۆشتنى ئێستاى ئه‌و یارییانه‌ وه‌ك جاران نییه‌ و ته‌نیا له‌ناو هاوڕێیاندا به‌ یه‌كترى ده‌فرۆشن״.

پێشتر به‌رله‌وه‌ى یارییه‌كان نرخیان داببه‌زێت گه‌نجێكى زۆر سه‌رقاڵى ئه‌و یارییانه‌ بوون تا لیڤڵیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و بیفرۆشن، هه‌رچه‌نده‌ ئێستاش ئه‌و خه‌ڵكانه‌ ماون، به‌ڵام به ‌هۆى دابه‌زینى نرخه‌كانیانه‌وه‌ كه‌م بوونه‌وه‌.

شڤان مسته‌فا ته‌مه‌ن 41 ساڵ و شاره‌زاى بوارى ئه‌لكترۆنیی وتی: ״كڕین و فرۆشتنى یاریى ئه‌لكترۆنى له‌ هه‌موو دنیادا هه‌یه‌، به‌ڵام له ‌هه‌رێمى كوردستان یارییه‌كان زۆربه‌ى كات به‌ قاچاخ داونلۆد ده‌كرێن و خه‌ڵك هه‌یه‌ هه‌زار دۆلارى داوه‌ به ‌یارییه‌ك له ‌پڕ شه‌ریكه‌كه‌ جامى ده‌كات و یارییه‌كه‌ ده‌سڕێته‌وه‌״.

وتیشى: ״ڕێگرى له ‌هیچ یارییه‌ك ناكرێت چونكه‌ ئۆنلاینن، به‌ڵام باشتره‌ خه‌ڵك كه‌ ئه‌و یارییانه‌ ده‌كڕن دڵنیا بن یارییه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ى حسابێكى بانكییه‌وه‌ به‌ یاسایى كڕدراوه‌، ئینجا یارییه‌كه‌ بكڕن״.

وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریى هه‌رێمى كوردستان، كڕین و فرۆشتنى یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان به‌ ئاسایی ده‌زانێت و كۆنتڕۆڵكردنیشى به‌ ئه‌سته‌م ده‌زانێت.

فه‌رهه‌نگ كۆمه‌شینى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى وتی: ״تا ئێستا به‌دواداچوونمان له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته‌ ئاساییه‌ و خه‌ڵكانێك هه‌ن ده‌یكڕن و ده‌یفرۆشن و خواستى له‌ سه‌ره ‌و شتێكى نایاسایی تێدا نییه‌.

وتیشى: ״هیچ سكاڵا و دۆسیه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌هاتووەته‌ وه‌زاره‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئۆنلاینه‌ و په‌یوه‌ندیى به ‌ئینته‌رنێته‌وه‌ هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ نه‌توانرێت كۆنتڕۆڵیش بكرێت״.


ئاژانس


AM:11:53:23/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 495 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌