مەرزە لاوەکیەکان داخراون و بازگانان داوایەک لە ژووری بازرگانی دەکەن

مەرزە لاوەکیەکان بۆجارێکی تر کارکردن تیایدا ڕادەگیرێتەوە و بازرگانانی سلێمانیش نیگەرانن لەو داخستنە، داواش لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکەن بەدەم داواکاریەکانیانەوه‌ بچێت.

ژمارەیەک لەو بازرگانانەی شاری سلێمانی کە کاری بازرگانیان لەو مەرزانە ھەیە ناڕەزایەتیان دەگەیەنن بە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و داوا دەکەن" لەئێستادا مەرزە لاوەکیەکان بۆ جارێکیتر داخراونەتەوە لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە وە کاری ئێمەی بازرگانانیش بەتەواوی لاوازبووە".

داواش دەکەن" ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھەوڵەکانی بەردەوامبێت بۆکردنەوەی ئەو مەرزانە چونکە زیانی زۆری بەکاری بازرگانی گەیاندووە و خەڵکێکی زۆر لەھەردوولا بێکاربون و ڕەوشی بازرگانی ڕاوەستاوە".

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دوای پێشوازی کردن لەو بازرگانانە ڕایگەیاند" ئێمە ئاگادارین لەو مەرزانەوە کاری بازرگانی زۆر دەکرێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، داخستنیشی زیانی دەبێت گەر بەردەوام بێت و نەکرێته‌وە ئەوا کاری بازرگانی بەتەواوەتی لاوازدەبێت".

ڕاشیگەیاند" ئەومەرزانە کاری بازرگانی تێدا دەکرێت و چاودێری توندی تیادا دەکرێت و گرفتیان دروست نەکردووە بۆیە ئێمە داواکارین ئەو مەرزانە بکرێنەوە و کاری بازرگانی بەردەوامبێت، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر خەتین و ھیوادارین درێژە نەکێشێت".

لەماوەی ڕابردودا پارێزگاری سلێمانی بڕیاریدا بە کردنەوەی مەرزە لاوەکیەکان و کارکردن تیایاندا بەڵام پاش چەند ڕۆژێک لە بەردەوامی کارکردن تیایاندا دوبارە داخراونەتەوە.


PM:11:04:21/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 774 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌