عه‌بادی‌: پێویسته‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عیراق، هه‌رێمی‌ كوردستانیش بگرێته‌وه‌

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق په‌یامێكی‌ ئاراسته‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كردو جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌، "پێویسته‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عیراق، هه‌رێمی‌ كوردستانیش بگرێته‌وه‌"، ده‌شڵێت:"له‌عیراق به‌دوای‌ شه‌راكه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌دا ده‌گه‌ڕێین".

له‌میانی كۆتا ڕۆژی‌ كۆنگره‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عیراق كه‌ له‌كوه‌یت به‌ڕێوه‌چوو، حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق وتارێكی‌ خوێنده‌وه‌، له‌وتاره‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند، "به‌هۆی شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ پێنج ملیۆن هاوڵاتی عیراق بێ ماڵ و حاڵبون و ئێستاش زیاتر له‌نیوه‌ی‌ ئاواره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان".

وتیشی:"حكومه‌ت به‌دوای‌ شه‌راكه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌دا ده‌گه‌ڕێت بۆ زیاتر پێشخستن و په‌ره‌پێدان و بوژانه‌وه‌ی‌ ژیرخانی‌ ئابوری‌ وڵات كه‌ به‌هۆی جه‌نگی‌ داعشه‌وه‌  وێرانكاریی دوچاری‌ وڵات بۆوه‌".

سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عیراق ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕو هیواداریشین پرۆسه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش بگرێته‌وه‌".

له‌كۆتا ڕۆژی‌ كۆنگره‌كه‌دا شێخ سه‌باح  ئه‌حمه‌د جابر سوباح ئاشكرایكرد، بڕی یه‌ك ملیار دۆلار به‌قه‌رز ده‌ده‌نه‌ عیراق بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی‌ به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ وێرانكراون و به‌بڕی‌ دوو ملیار دۆلاریش وه‌به‌رهێنان له‌عیراق ئه‌نجامده‌ده‌ن.



PM:12:01:14/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌