لە 7 ساڵدا بایی 20 ملیۆن دۆلار ئاژەڵی زینە هاوردە كراوە

لە 7 ساڵی ڕابردوودا بایی 20 ملیۆن دۆلار ئاژەڵی زینە لە دەرەوەی كوردستانەوە هێندراوەتە ناوە و سێ‌ ساڵی قەیرانی داراییش زۆرترین ڕێژەی هێنانی ئەو ئاژەڵە جوانانەی تێدا تۆمار كراوە.

ئەحمەد هەردی، تەمەن 47 ساڵ و خاوەنی دوكانی باڵندە و ئاژەڵی زینە له‌ سلێمانی،  ڕاگەیاند، خەڵكێكی زۆر ڕوویان لە بەخێوكردنی پەلەوەر و باڵندە و ئاژەڵی زینە كردووە، خەڵێكی زۆر بژێوییان لەسەر كڕین و فرۆشتنی بەرهەمەكانیانە بەتایبەتی هێلكە و جوجكە.

وتیشی: ״هەندێك جۆری باڵندە هەیە وەك فیش و زیبرا كە ئێرانییەكان پارەی زۆری پێ دەدەن و لە ئێران خەریكی بەرهەمهێنانن و چەند ساڵێكی تر بۆ خۆمانی دەنێرنەوە، بەڵام حكومەت دەتوانێت لە ناوخۆی كوردستان ئەو كارە بكات و هەناردە بكرێت.״

لە ماوەی نزیكەی 7 ساڵدا، بە بەهای زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار ئاژه‌ڵ و پەلەوەری زینە هاوردەی هەرێم كراوە.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی  ڕاگەیاند، لە ساڵی 2010 تاوەكو 2016، بە بەهای 20 ملیۆن و 424 هەزار دۆلار، زیاتر لە دوو ملیۆن و 705 ته‌ن باڵندە و ئاژەڵی جوانی هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون.

وتیشی: ״سەرەڕای قەیرانی دارایی لە سێ ساڵی ڕابردوودا ئەم بازرگانییە زۆرترین جووڵەی هەبووە، 44%ی ئەو پارەیەی لە هاوردەكردنی باڵندە و ئاژەڵی جوانی و پەلەوەری ماڵی چووەتە دەرەوە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی دوایی بووە״.

زۆرترین ئەو باڵندە و پەلەوەرانەی هاوردە كراون، مریشك، مراوی، قاز، تووتی، كەناری، فینش زیبرا، بادجی، كۆتر، تاوس و فیزان، بوون. ئاژەڵەكانیش بریتین لە ئاسك، كەروێشك، مەڕ، بزن، لاما، ئەلبەكا، ئەسپی پۆنی، مەیمون، سەگ و پشیلە.

دكتۆر جەمال شوكری، بەڕێوەبەری كەرەنتینی كشتوكاڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو  وتی: ״باڵندە و ئاژەڵ و پەلەوەری جوانی بە پێی مەرج و ڕێنمایی ڕێگەی پێ دەدرێ، دەبێ ئەو شوێنەی لێوەی هاوردە دەكەن نەخۆشیی تێدا نەبێ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەرەكانیش لەو جۆرانە نەبن كە ڕێكخراوی سایكس بۆ پاراستنیان لە لەناوچوون قەدەغەی كردووە بازرگانییان پێوە بكرێ، هەروەها نابێ‌ لە جۆری دڕندە بن״.

وتیشی: ״لە زۆر لە وڵاتانەوە هاوردە دەكرێن، شوێنێكی دیار نییە و هەر وڵاتە و جۆرە باڵندە و ئاژەڵێكی جوانی هیە״.

لەناو هەرێمی كوردستان تەنیا مریشك بۆ خواردن بەرهەم دەهێندرێت، ساڵانە 100 هەزار تەن مریشك بەرهەم دەهێندرێت و پێویستیی ناوخۆش 134 هەزار تەن مریشكە لە ساڵێكدا.

جەمال شوكری وتیشی: ״بەشێك لەو مریشكەی ناوخۆ دەچێتە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وه‌ک پێویستیی ناوخۆش ساڵانە هەشتا هەزار تەن مریشكی بەستوو دێتە هەرێمی كوردستانەوە״.

ئاژانس


PM:09:15:13/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 517 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌