سەرۆکی ژوور: 332 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوارە عێراقیەکان تەرخان کراوە کە زۆربەیان لەهەرێمی کوردستاندان


سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کە بەنوێنەرایەتی شاری سلێمانی بەشدارە لە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایگەیاند "بڕی زیاتر لە332 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوارە عێراقیەکان تەرخان کراوە کە زۆربەیان لەهەرێمی کوردستاندان ".

لەکۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە به‌به‌شدارى چه‌ندین وڵاتى گه‌وره‌ى جیهان‌و ناوچه‌كه‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان‌و بانكى نێوده‌وڵه‌تى له‌وڵاتى كوه‌یت به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بڕێک پارە بۆ ئاوارە عێراقیەکان تەرخان کراوە، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کە بەنوێنەرایەتی شاری سلێمانی بەشدارە لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند ''ژمارەیەک لە رێکخراوە خێرخوازیە جیهانییەکان بڕی زیاتر لە 332 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئاوارە عێراقیەکان تەرخان کردوە کە بەهۆی شەر و باردۆخی ئەمنیەوە ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتوە".

سەرۆکی ژووری وتی "لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لەو ئاوارانە لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێن بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەو رێکخراوە خێرخوازیانە کۆبوینەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ خەرج کردنی ئەم بڕە پارەیە بۆ ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی نیشتەجێن".

وتیشی '' بەشێکی زۆر لەم بڕە پارەیە دێتە هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە چاوەروان دەکەین جوڵەی زیاتر بخاتە بازارەکانی هەرێمی کوردستانەوەو فرۆشیاران و کاسبکارانی بازارەکان لێی سودمەند بن''.

ئەمە لەکاتێکدایە عێراق خوازیارە كۆنگرەی ئاوەدانكردەوەی عێراق  کە لەڕۆژانی ١٢ تا ١٤ی شوبات لەكوەیت بەرێوەدەچێت، بڕی 100 ملیار دۆلاری پێببەخشێت لەپێناو ئاوەدانكردنەوەی عیراقدا.


PM:08:43:12/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 502 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌