بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لەچەند ناوچەیەكی عیراق، هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی هەموو جۆرە بەرهەمێكی ئاژەڵیو پەلەوەری لەعیراقەوە رادەگرێت.
جەمال شوكری سەعید بەڕێوەبەری بەشی كەرەنتینە لەوەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ڕاگەیاند، لەئێستادا بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە لەناوچەكانی ناوەڕاستو خوارووی عیراق، هاوردەكردنی بەروبوومی پەلەوەریو ئاژەڵ بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە.
راشیگەیاند، لەكاتی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە، جموجۆڵی هاوردەو هەناردەی پەلەوەر ڕادەگیرێت، بۆیە بەرهەمی ئێمەش هەناردە ناكرێت.
ئەو بەپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕەتیكردەوە، ئەنفلۆنزای پەلەوەر بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوەو وتی، بەهیچ جۆرێك بەخواردنی گۆشتی مریشك، نەخۆشییەكە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە، تەنانەت ئەگەر مریشكێكی توشبوو بەئەنفلۆنزاش بخورێت، چونكە بەر لەخواردنی، لەپلەیەكی گەرمدا دەكوڵێندرێت، كاریگەری نەخۆشییەكەی نامێنێت.