١١٠ەمین پێشانگای ئۆتۆمبێلی شیکاگۆ لە ئەمریکا دەستی پێکرد

دوای دوو رۆژ لە نیشاندانی پێشانگاکە بە میدیاکان لە McCormick Place کە گەورەترین هۆڵی کۆنگرە و پێشانگای باکووری ئەو وڵاتەیە، بە رووی هاووڵاتییاندا کرایەوە و وێڕای شەپۆلی بەفر و رەهێڵەش هاووڵاتییان بە گەرموگوڕی سەردانی پێشانگاکە دەکەن.

لە بەرەبەیانەوە هەزاران ئەمریکی چوونەتە پێشانگاکە و لە نزیکەوە دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە کە لە وردەکارییەکانی دوا پێشهاتەکانی کەرتی ئۆتۆمبێل بکۆڵنەوە.

لە پێشانگاکەدا نزیکەی ١٠٠٠ ئۆتۆمبێلی مارکە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان خراونەتە روو، خستنەڕووی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ئۆتۆمبێلسازان وەک نموونەیەک بۆ داهاتووی پیشەکانیان لە بیریان دایە و بەشێکن لە پڕۆژەکانیان و پێیان دەگوترێ (Consept Car) و هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە وزەی سەوز کار دەکەن بوونە جیی سەرنج.

پێشانگاکە لە رووبەری نزیکەی ١٠٠ هەزار مەتر چوارگۆشەدا ئەنجام دەدرێ و تاکو ١٩ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. 

چاوەڕێش دەکرێت لەو ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس رووی تێبکەن. 


PM:01:02:11/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 81 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌