سەرۆکی ژوورو پارێزگاری سلێمانی لەکۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا نوێنەرایەتی سلێمانی دەکەن


سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محمەدو پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر بەنوێنەرایەتی شاری سلێمانی بەشداری لەئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق ده‌كه‌ن، کە بڕیارە دوشەممەی داهاتو لەوڵاتی کوەیت بەڕێوەبچێت.

وه‌فدێكی پارێزگاره‌كانی ھه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌كۆنگره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق ده‌كات كه‌ بڕیاره ١٢ / ٢ / ٢٠١٨ له‌ وڵاتی كوه‌یت به‌رێوه‌بچێت، له‌ نێویشیاندا پارێزگای سلێمانی نوێنەرایەتی تایبه‌تی خۆی ده‌بێت له‌كۆنگره‌که‌دا.
 
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایگه‌یاند وەک نوێنەری پارێزگای سلێمانی،  سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی‌و پارێزگاری سلێمانی به‌شدار ده‌بین، هه‌روه‌ها هه‌موو پارێزگاره‌كانی عیراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ به‌شداری له‌و كۆنگره‌یه‌دا ده‌كه‌ن، له‌هه‌رێمی كوردستانیش وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن‌و وه‌زیری پلاندانان به‌شدارده‌بن، سەرۆکی ژوور وتی "هیواخوازین ئاوەدانکردنەوەی عێراق لەداهاتوودا ببێتەهۆی گەشەکردنی زیاتری کەرتی تایبەت‌و بوژاندنەوەی بازاڕی کارگەکانی ناوخۆ، کە شاری سلێمانی زۆرترین کارگەی تێدایە لەسەر ئاستی عێراق‌و زۆرترین بڕی چیمەنتۆ لەم شارە بەرهەمدەهێنرێت".

وتیشی "ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌ری پارێزگای سلێمانی له‌و كۆنفرانسه‌دا به‌شداری ده‌كه‌ین، به‌و هیوایەی كه‌ بتوانین به‌شێك له‌و پشكه‌ی به‌شی پارێزگاكانه‌ بۆ پارێزگای سلێمانی دابین بكه‌ین، پێوستە لەو قەرزو هاوکاریانەی کە پێشەکەشی عێراق دەکرێت بەشێکی بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەم پارێزگایە لەسەردەمی بەعسەوە تا سەرهەڵدانی داعش توشی چەندین وێرانکاری بووە''.

كۆنگرەی ئاوەدانكردەوەی عیراق كە لەڕۆژانی ١٢ تا ١٤ی شوبات لەكوەیت بەرێوەدەچێت، بەهاوبەشی لەلایەن هەریەك لەعێراق‌و كوەیت‌و یەكێتی ئەوروپاو نەتەوە یەكگرتوەكان‌و بانكی نێودەوڵەتیەوە سەرپەرشتی دەكرێت. وا چاوەڕوان دەكرێت زیاتر لە 70 دەوڵەت‌و 250 دامەزراوەو كۆمپانیای جیهانی لەكۆنگرەكەدا بەشداربن و بەغداش خوازیارە بڕی 100 ملیار دۆلاری لەو كۆنگرەیەدا پێببەخشرێت لەپێناو ئاوەدانكردنەوەی عیراقدا.


PM:07:04:10/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 1335 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌