“تاكە بەربەستی بەردەم رێككەوتنی بەغداو هەولێر قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستانە”

پێدەچێت كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەلایەن عێراق و وڵاتانی دراوسێوە بەڕوی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئابوری هەرێمی كوردستان ببوژێنێتەوە. شارەزایەتی بواری ئابوریش دەڵێت "تاكە بەربەستی بەردەم رێككەوتنی بەغداو هەولێر، قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستانە.”
  
پاش چوار مانگ لە پچڕانی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماتییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەهۆی ریفراندۆمەكەی ئەیلولی ساڵی رابردوی هەرێمی كوردستانەوە، سەرەتای ئەم هەفتەیە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، وەفدێكی باڵای هەرێم بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران گەیشتنە بەغداو لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆبونەوە.
 
بەپێی راگەیەندراوەكانی هەردو حكومەت پرسی نەوت، دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكانی هەرێم، تەوەری سەرەكی گفتوگۆی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێم بوە. 
 
عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە نەوت، دەروازە سنورییەكان، فڕۆكەخانەكان پرسی فیدراڵین و دەبێت لەلایەن دەسەڵاتی فیدراڵیەوە بەڕێوەببرێن، هەرێمی كوردستانیش وێڕای ئەوەی لاری نییە لەرادەستكردنی تەواوی داهاتەكان، بەڵام پێداگری لەسەر بەهاوبەشی بەڕێوەبردنی خاڵە سنورییەكان، فڕۆكەخانەكان دەكاتەوە. عێراق، بەو مەرجانەی پێداگریان لەسەر دەكات، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم رەوانە بكات

چاوەڕوان دەكرێت ناردنی موچە لەلایەن بەغداوە ببێتە راستی 
لەسەرەتای ئەم مانگەدا عێراق ژمارە حسابێكی بانكی بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ موچەو شایستە داراییەكانی هەرێم بەبڕی 450 ملیار دینار كردۆتەوەو لیژنە تایبەتمەندەكانیش لەدوا قۆناغەكانی وردبینیكردنی موچەی موچەخۆرانی هەردو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی هەرێمدان. لەو چوارچێوەیەشدا  تیمەكانی وردبینی چاودێری دارایی عێراق كە لە 16 وردبین پێكهاتون و بەسەر چوار تیمدا دابەشبون گەیشتنە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی سەردانكردنی هەردو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە بەشێوەیەكی مەیدانی. 
 
بەپێی قسەی دكتۆر خاڵس، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لیژنەی تەكنیكی حكومەتی هەرێم كە سەردانی بەغدایان كردبوو لەگەڵ لیژنە تایبەتمەندی وردبینی حكومەتی عێراق كۆببونەوە داوایان لێكردبون كە وەك نیازپاكییەك بەر لەتەواوبونی وردبینیەكە عێراق موچەی مانگێكی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات، هەرچەندە ئەو لیژنە تایبەتمەندە هاوڕای لیژنە تەكنیكیەكەی هەرێم بون بەڵام پێیانوتبون ئەوە لەدەسەڵاتی ئەواندا نییەو بەرزی دەكەنەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
 
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو موچەیەی هەردو وەزارەت بەر لە وردبینییەكە ئەگەری ناردنی هەیە، دكتۆر خاڵس وتی”تا ئێستا وەڵامی ئەو داوایەمان نەدراوەتەوە. ئەوە داواكاری ئێمەیەو ئەگەر رەزامەندی لەسەر بدرێت شتێكی باش دەبێت.”
 
هەرچەندە هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر ناردنی موچە نەدراوە بەڵام دكتۆر خاڵس وتی”ئێمە وای دەبینین بەغدا نیازێكی جدی هەیە بۆ خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.”
 
هێمای بۆ ئەوەش كرد كە تاوەكو ئێستا لیژنەكانی وردبینی هیچ تێبینییەكیان لەسەر ناوو لیستی موچەی فەرمانبەرانی ئەو دو وەزارەتە نەبوە كە ئەو لیستانەی موچەخۆرانی هەرێم لەسەر بنەمای لیستەكانی بایۆمەترین.
جموجوڵی بازرگانی لەمەرزەكان رو لەزیادبونە
 
پاش بەغدا وەفدە باڵاكەی هەرێم بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بەرەو تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێكەوتن و چاویان بەچەند بەپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە لەنێویاندا سەرۆك كۆمار كەوت. لەدیدارەكاندا وێڕای پرسە سیاسی و ئەمنییەكان، بەپێی میدیاكانی ئێران پرسی ئابوری یەكێكە بوە لەتەوەری ئەجێندای سەردانی وەفدەكەی هەرێم. 
 
كۆماری ئیسلامی ئێران سێ دەروازەی سنوری رەسمی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە: پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئۆمەران. ئەو سێ دەروازەیە لەلایەن ئێرانەوە بەهۆی ریفراندۆمەكەی هەرێمەوە داخران، بەڵام پێ بەپێ كار بۆ كردنەوەیان كراو لەئێستاشدا بەتەواوی لەبەردەم هاتوچۆی هاوڵاتیان و هەناردەو هاوردەكردنی بازرگانیدا كراوە.
 
لەكۆبونەوەی وەفدی باڵای هەرێمدا لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێراندا هەردولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكان و زیاتر كردنی جوڵەی بازرگانی نێوان هەردولا كردەوە. 
 
بەپێی قسەی شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، لەئێستادا جگە لە هاتوچۆی هاوڵاتیان جوڵەی بازرگانی لەهەناردە و هاوردەكردنی هەمو جۆرە كاڵایەك و تەنانەت سوتەمەنیش لە دەروازەی باشماخ ئاساییەو ئاماژەی بەوەشدا لەچەند رۆژی رابردوشدا لەهەردو دەروازەی پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانیش بەتەواوی كراونەتەوەو هێنان و بردنی هەمو جۆرە كاڵاو سوتەمەنییەك ئاسایی بۆتەوە. وتیشی”پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم هەرسێ دەروازە سنورییەكە چەند ئاسایی بون، لەئێستاشدا ئەوەندە ئاسایی بۆتەوەو بگرە باشتریش بوە.”
 
ئەو چاوەڕوانیش دەكات كە لەمساڵدا جوڵەی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەدەروازە سنورییەكانەوە رو لەزیادبون بكات.

چارەنوسی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان دیار نییە
هەردو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو سلێمانی بە بڕیاری حكومەتی عێراق نزیكەی چوار مانگە بەڕوی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا داخراون و بەقسەی بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی-ش تا ئێستا هیچ شتێكی نوێ لەبارەی كردنەوەی ئەو دو فڕۆكەخایەوە نییە. 
 
هەفتەی رابردو وەفدێكی حكومەتی عێراق سەردانی هەولێریان كرد بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسی فڕۆكەخانەكان و دەروازە سنورییەكان بەڵام بەپێی قسەی بەڕێوەبەری گشتی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، گفتوگۆكان تەنیا رێنوێنی بوە لەلایەن وەفدی عێراقەوە سەبارەت بە پابەندبونی دو فرۆكەخانەكەی هەرێم بە یاساكانی دەزگای فرۆكەوانی مەدەنی فیدراڵییەوە.
 
تاهر عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا كە فڕۆكەخانەكانی هەرێم هیچ كێشەیەكیان نەبوە لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەو رێنمایی و یاسایانەدا و ئەمانە هەر جێبەجێیان كردون.
قەرزەكانی هەرێم تاكە بەربەرستی بەردەم رێكەوتنی بەغداو هەولێرن
 
پرۆفیسۆر محەمەد رەئوف شارەزای بواری ئابوری ئەگەر بەغداو هەرێم لەسایەی ئەم جوڵە سیاسیەی دواییدا بگەنە رێككەوتن ئەوە هەمو كێشە ئابورییەكانی هەرێم لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا چارەسەردەبن. 
 
بەبڕوای ئەو رێككەوتن، دابینكردنی موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی لێدەكەوێتەوەو ئەوەش دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی ئابوری و جوڵەی بازرگانی و بازاڕ لەهەرێمی كوردستان. 
 
هەرێمی كوردستان نزیكەی 6 ملیار دۆلاری وڵاتان و كۆمپانیاكانی نەوت و ناوخۆ قەرزارەو محەمەد رەئوف پێی وایە رەنگە ئەوە تاكە بەربەستی بەردەم گەیشتنە رێككەوتنی بەغداو هەولێر بێت. بەڵام بەدوریشی نازانێت ئەو كێشەیە بتوانرێت چارەسەر بكرێت، ئەگەر ئەم جوڵانەی دوایی تەنیا بۆ راگەیاندنەكان نەبن.


PM:07:41:02/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌