سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی: پشتگیری لەهەر پلانێک دەکەین ئامانجی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ بێت


شاندێکی بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەکات، سەرۆکی ژوور دەڵێت "پشتگیری لەهەر هەوڵ‌و پلانێک دەکەین ئامانجی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ بێت".

ئەمرۆ دوو شەممە ٢٠١٧/١/٢٩ شاندێکی بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ژوور کۆبووە، لەکۆبونەوەکەدا سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئامادەی ژووری دوپاتکردەوە بۆ پشتگریی کردنی ئەو پلان پرۆژانەی کەدەبنە هۆی پێشخستن‌و گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵ لەکوردستان‌و ئامادەیی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکاریەک.

سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی وتی "بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی چەند پرۆژەیەک جێبەجێ دەکەین بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ‌و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی جوتیاران‌و چارەسەر کردنی کێشەو گرفتەکانی کەرتی کشتوکاڵ''.

سەبارەت بەپڕۆژەکان، راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، وەسفی خەلیل ئاماژەی بەوە کرد پرۆژەکان بریتن لەئەنجامدانی روپێویەکی ورد بۆ کێڵگە پەلەوەریەکان لەسنوری پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەی گەرمیان‌و  پارێزگای هەڵەبجە بەمەبەستی ئاگادار بوون لەکێشەو گرفتەکانی ئەم بوارەو داڕشتنی پلان‌و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، ئەو وتی "پرۆژەی دووهەمیشمان سازدانی ۆرک شۆپێکە دەربارەی کێشەو گرفتەکانی زەوی‌وزارو تەملیک کردنی ئەو زەویانە''.

وتیشی ''لەکۆبونەوەکدا جەخت لەگرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری جوتیاران کرایەوە بۆ ئەم مەبەستەش پێوستە هانی دەزگا میدیایی‌و کەناڵەکانی هەرێمی کوردستان بدەین بەرنامەو بابەتی تایبەت بەکشتوکاڵ پێشکەش بکەن‌و جوتیاران لەرێگای دەزگا میدیایەکانەوە ئاشنا بکرێن بەداهێنانە تازەکانی بواری کشتوکاڵ و گفوگۆ بکرێت لەسەر ئەو توێژینەوە جیهانیانەی کە بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ ئەنجام دەدرێن".

لای خۆشیەوە، "رزگار حەمە خدر" جێگری بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند ''زۆر سوپاسی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەکەین کە هەمیشە هاوکارمان بووەو بودجەی پرۆژەکانمانی لەئەستۆ گرتووە، بەردەوام هەوڵیشیانداوە کەرتی کشتوکاڵ لەکوردستان بەرەو پێش ببەن".



PM:09:49:29/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌