ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى داواى راگرتنى ده‌ستبه‌جێى هێرشى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌كات


ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ كانتۆنى عه‌فرین له‌رۆژئاواى كوردستان روبه‌رووى په‌لاماردان‌و هێرشى سوپاى توركیا بوه‌ته‌وه‌، رۆژانه‌ عه‌فرین‌و ناوچه‌كانى سه‌ر به‌م كانتۆنه‌ تۆپباران، موشه‌ك باران‌و بۆردومان ده‌كرێن له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى توركیاوه‌، له‌ئه‌نجامى ئه‌م هێرشانه‌دا خه‌ڵكى سیڤیل به‌ئاگرى شه‌ڕ ده‌سوتێن‌و ده‌بنه‌ قوربانى سه‌ره‌كى‌و له‌سه‌ر ماڵ‌‌و زێدى خۆیان هه‌ڵده‌كه‌نرێن‌و ئاواره‌ ده‌بن.

ئێمه‌ وه‌ك ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى وێڕاى ئیدانه‌ى كردن، داواكارین به‌زوترین كات ئه‌م هێرش‌و په‌لاماردانه‌ى توركیا‌و چه‌كداره‌ هاوپه‌یمانه‌ سورییه‌كانى بۆ سه‌ر عه‌فرین رابگیرێت‌و چیتر كوشتارو كۆمه‌ڵكوژى ده‌رهه‌ق به‌كوردى رۆژئاواى كوردستان ئه‌نجامنه‌درێت. چونكه‌ هه‌مو دنیا ئه‌و راستییه‌ باش ده‌زانن كه‌ عه‌فرین‌و كانتۆنه‌كانى رۆژئاواى كوردستان، نمونه‌ى پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌و ته‌بایى نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى سوریا بوون، له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردودا په‌ناگه‌ى هه‌زاران مرۆڤى لێقه‌وماوى ناوچه‌كانى سه‌رتاسه‌رى سوریا بون كه‌ له‌تاو شه‌ڕ‌و كوشتارو توندوتیژیى وه‌ك ده‌ڤه‌رێكى ئارام رویان تێكردوه‌. 

ئه‌م كانتۆنانه‌ به‌رى ره‌نج‌و خه‌باتى نه‌پساوه‌ى ئه‌و ژن‌و پیاوه‌ ئازایانه‌ن كه‌ له‌كۆتایهێنان به‌مه‌ترسى‌و زه‌بروزه‌نگى تیرۆرستانى داعشدا رۆڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان بینى، ئه‌وه‌ جوامێریى ئه‌م شه‌ڕڤانانه‌ بوو كه‌ سێ سالأ له‌مه‌وبه‌ر ئاڕاسته‌ى مێژووى له‌"كۆبانێ" گۆڕى‌و به‌گیان‌و خوێن‌و به‌رگری ئه‌فسانه‌یى خۆیان هه‌موو مرۆڤایه‌تى‌و به‌ها مرۆییه‌كانیان له‌مه‌ترسى تیرۆریستان‌و هۆشتاریكانى داعش پاراست.

ئێمه‌ چاوه‌ڕوان بوین ده‌وڵه‌تى توركیا "چڵه‌ زه‌یتون"ى ئاشتى به‌رامبه‌ر به‌عه‌فرین‌و رۆژئاواى كوردستان به‌رزبكاته‌وه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ى په‌نا بباته‌ به‌ر به‌كارهێنانى چه‌ك‌و توندوتیژیى ناڕه‌وا‌و "چڵه‌ زه‌یتون"ه‌كه‌ى خوێنى لێبچۆڕێت.

 هاوكات چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌شمان له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان‌و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌ر عه‌فرین‌و كانتۆنه‌كانى رۆژئاواى كوردستاندا، كه‌ له‌برى هه‌موو جیهان سه‌رسه‌ختانه‌ دژ به‌تیرۆریستانى داعش جه‌نگان، بێده‌نگ نه‌بن‌و هه‌ڵوێستیان هه‌بێت، نه‌ك ئه‌وه‌ى له‌م ساته‌وه‌خته‌ دژواره‌دا پشتیان تێكه‌ن‌و ئیدانه‌ى ئه‌م په‌لاماردان‌و جه‌نگه‌ نه‌كه‌ن كه‌ تا ئێستا خه‌ڵكێكى زۆرى مه‌ده‌نى بون به‌قوربانیی.

به‌حوكمى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌ فراوانه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌تى، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌شه‌ریكه‌ بازرگانیییه‌ یه‌كه‌مه‌كانى له‌ئاستى دنیادا، ئێمه‌ له‌ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى پشتیوانى ته‌واوى خۆمان بۆ خه‌ڵكى سه‌ربڵندى عه‌فرین ده‌رده‌بڕین‌و داواكارین له‌ده‌وڵه‌تى توركیا ده‌ستبه‌جێ هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر كانتۆنه‌كانى عه‌فرین‌و رۆژئاواى كوردستان رابگرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌مه‌ زیاتر زیان به‌په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانى‌و ئابوریى‌و كلتورییه‌كانى نێوان توركیا‌و هه‌رێمى كوردستان نه‌كه‌وێت. 

ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى
26/1/2018



PM:12:13:26/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 1241 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌