هه‌ڵوێستێك له‌پێناو عه‌فرین

توركیا ماوه‌ی‌ شه‌ش رۆژه‌ له‌سه‌ر هێرش‌و په‌لاماردانی‌ ناڕه‌وای‌ خۆی‌ بۆ سه‌ر كانتۆنی‌ عه‌فرین به‌رده‌وامه‌، هێرش‌و په‌لاماردانێك كه‌ كاره‌ساتێكی‌ مرۆییانه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ لێچاوه‌ڕوان ده‌كرێت‌و له‌ئێستاشه‌وه‌ نیشانه‌كانی‌ ده‌ركه‌وتون: ده‌یان ژن‌و منداڵ‌ بونه‌ته‌ خۆراكی‌ تۆپ‌و بۆردومانه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا‌و سه‌دان‌و بگره‌ هه‌زاران كه‌سیش ئاواره‌و لێقه‌وماو بون.

ئه‌م دۆخه‌ی‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌سه‌ر عه‌فریندا سه‌پێنراوه‌ پێویستی‌ به‌هه‌ڵوێست‌و پشتیوانی‌ هه‌موو كوردێكه‌. به‌تایبه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ باشوری‌ كوردستان، كه‌ زیاتر له‌بیست ساڵه‌ یه‌كێكه‌ له‌شه‌ریكه‌ بازرگانیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ توركیا‌و ساڵانه‌ ملیاره‌ها دۆلاری‌ خه‌ڵكی‌ باشور ده‌درێت به‌كاڵای‌ توركی‌، ملیاره‌ها دۆلار سوودو قازانج ده‌چێته‌ گیرفانی‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی‌ توركیاوه‌، به‌شێك له‌گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ توركیاش له‌سه‌رده‌می‌ ئه‌ردۆغان‌و ئاكه‌په‌دا، له‌ڕاستیدا هه‌ر له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌ ناهاوسه‌نگه‌وه‌ به‌دیهاتوه‌ كه‌ توركیا له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یبوه‌، پاره‌و داهات‌و نه‌وت‌و سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ له‌به‌رامبه‌ر كاڵاكانیدا بردوین.

ئایا هێرشكردنه‌ سه‌ر عه‌فرین‌و به‌كارهێنانی‌ زه‌بروزه‌نگی‌ سوپای‌ توركیا‌و میلیشیا سوریا گوێڕایه‌ڵه‌كانی‌ به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان شایسته‌ی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانیی‌و ئابورییه‌ بكه‌ین كه‌ گه‌وره‌ترین قازانج‌و سودی‌ بۆ توركیا ده‌سته‌به‌ر كردوه‌و له‌روی‌ ئابورییه‌وه‌ رۆڵی‌ هه‌بوه‌ له‌پێشخستنی‌ ئه‌و وڵاته‌دا كه‌ ئێستا سوپاكه‌ی‌ ماشێنێكی‌ جه‌نگیی‌ گه‌وره‌و زه‌به‌لاحی‌ له‌دژی‌ گه‌لێك خستوه‌ته‌ گه‌ڕ خاوه‌نی‌ ساكارترین چه‌كی‌ به‌رگری‌ كردن له‌خۆیان نین‌و به‌ناڕه‌وا خوێنیان ده‌ڕژێنرێ‌‌و ده‌ربه‌ده‌رو ئاواره‌ ده‌كرێن‌و ماڵ‌‌و حاڵیان لێتێكده‌درێت؟

به‌دڵنیایی‌ به‌ڵێ‌، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ داواكارم له‌هه‌موو خه‌ڵكی‌ به‌شه‌ره‌فی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌كرده‌كی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆیان له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌رببڕن كه‌ تا هێرشی‌ سوپای‌ توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین‌و رۆژئاوای‌ كوردستان به‌رده‌وام بێت، هیچ جۆره‌ كاڵایه‌كی‌ توركی‌ نه‌كڕن. به‌ڕاستی‌ هه‌نگاوێكی‌ به‌مجۆره‌ بۆ خه‌ڵكی‌ باشور مایه‌ی‌ سه‌ربه‌رزیی ده‌بێت، تا هیچ نه‌بێت بتوانن هاوخه‌می‌‌و هاوسۆزی‌ خۆیان بۆ خه‌ڵكی‌ مه‌ردو به‌شه‌ره‌ف‌و دلێری‌ عه‌فرین‌و رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌رببڕن، دڵنیاش بن له‌وه‌ی‌ نه‌كڕینی‌ كاڵای‌ توركی‌ هه‌ر رۆژێك زیانێكی‌ به‌رچاو به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابوری‌ توركیا له‌كوردستاندا ده‌گه‌یه‌نێ‌‌و ئامڕازێكی‌ كاراو كاریگه‌ریش ده‌بێت بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی‌ به‌رامبه‌ر به‌و ره‌فتاره‌ نامرۆیییانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌كورد‌و رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌یكات.
 
■ كه‌مال سه‌عید تاكۆیی‌



PM:07:16:25/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 1266 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌