پرده‌كانی مووسڵ شادەماری هاتوچۆی هه‌ردوو به‌ری شاره‌كه‌ن

پردی کۆنی شارەکە کە لە ئاسن دروستکراوە ئێستا لە لایەن کۆمپانیایەکەوە بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دروست دەکرێتەوە و لە تەواوبووندایە.

پێش ئەوەی چەکدارانی داعش لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ سەنتەری پارێزگای نەینەوا "شاری مووسڵ" کۆنتڕۆڵ بکەن ھاتوچۆ لەو شارە شێوە ئاساییەکەی ھەبوو، پەڕێنەوە بەسەر رووباری دیجلە کە شارەکە دەکات بە دوو زۆنەوە لە رێگەی پێنج پردی سەرەکییەوە دەبوو، بۆ ئەمەش چەند خولەکێک بەس بوو تا لەیەکێک لەو بەرانەوە بچیتە بەری دیکەی مووسڵ و بە شێوەیەکی ئاسان و سانا، بەڵام ئێستا ئەم پەڕینەوەیە بۆ خەڵکی شارەکە زۆر زیاتری دەوێت ئەویش بە ھۆی کەوتنی پردەکانەوە کە کرانە ئامانجی شەڕێکی نۆ مانگەی ھێزەکانی عێراق و چەکدارانی داعش.

ناوەڕاستی مووسڵ حەوت پرد لەخۆدەگرێت بۆ پەڕینەوەی ھاووڵاتییان لەمەبەر و ئەوبەری شارەکە، ٩٠ لەسەدی ئەو پردانە یان بەتەواوەتی یان بە شێوەی بەش بەش لە پردەکان رووخاون بە پێی لێدوانی بەرپرسانی رێگە و بان و پردەکانی پارێزگای نەینەوا، بەشێک لە پردەکانیش بە ھۆی بۆمبڕێژکردنی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە تەقێنراونەتەوە و داڕووخاون، بەشێکی دیکەشیان لە گورزی ھێزەکانی ھاوپەیمانان پێش دەستپێکردنی شەڕی مووسڵ و لەسەروبەندی ئەو شەڕەدا تێکشکێنران.

ئێستا سێ پرد ھەن کە بە شێوەیەکی کاتی دروستکراونەتەوە بۆ پەڕینەوەی ھاووڵاتییان لە بەری چەپی شارەکە بۆ لای راستەوەی، ئەگەرچی ئەم پردانە ھێشتا بەتەواوەتی نەبوونەتە ھۆی ئاسایی بوونەوەی ھاتوچۆ لە نێوان ھەردوو بەرەی شارەکە، بەڵام ھەوڵێکی باشە.

لە ناوچەیەکی لای راستی شاری مووسڵ و بە دیاریکراوی لە مووسڵی کۆن، ئێستا چەند تیمێک سەرقاڵی دروستکردنەوە و بونیادنانەوەی پردێکن بە مەبەستی ئاسانکردنەوەی ھاتوچۆی ھاووڵاتییان و ئۆتۆمبیلەکان لەمبەر بۆ ئەو بەری شارەکە.

ئەندازیارێکی سەرپەرشتیاری پردەکە لەو کاتەی بەوردی سەرقاڵی سەرپەرشتیکردنی کرێکارەکانی بوو بۆ ئەوەی ئەو ئاسنانەی دادەنرێن بە راستی و بە ھاوسەنگی بن دەیوت "ئەم پردە رەنگە تا مانگێکی دیکە بکەوێتە کار و ئاسانکاریی زیاتر بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان بکات".

ئەو پردەی ئەو کرێکار و ئەندازیارانەی چاکیان دەکردەوە بە پردی کۆن دەناسرێت و پردێکی ئاسنینە، کۆمپانیایەکی بەڵێندەرایەتی دروستکردنەوەی پردەکەی بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق لە ئەستۆ گرتووە، لەو کاتەی ئێمە سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرت بووین لەسەر پردەکانی مووسڵ لەسەر ئەو پردە ئاسنینە چەند کرێکارێک سەرقاڵی دانانی ئاسنەکان و بەشێکی دیکە خەریکی بۆیەکردنی ئەو بەشانەی بوون کە تەواوکراوە، پردەکە نیوەی لە ئاسنی کۆنی خۆی پێکدێت و ئەو بەشەشی بە ھۆی شەڕەوە زیانی پێگەیشتووە چاک دەکرایەوە.

لە شاری مووسڵ پێنج پردە سەرەکییی بەری نوێی شارەکە بە مووسڵی کۆن دەبەستێتەوە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٢ تا ساڵی ١٩٨٨ دروستکراون، ئەوانیش بریتیین لە:

- پردی کۆن کە لە ساڵی ١٩٣٢ کاری تیادا کراوە و دوای دوو ساڵ تەواوکراوە و لە لایەن شا غازی کراوەتەوە، درێژییەکەی ٣٠٥ مەتر بووە و لای چەپی شارەکە بە ناوچەی مەیدانی لای راست دەبەستێتەوە بە یەکتر.

-پردی حوڕییە لە ساڵی ١٩٥٥ دەستکراوە بە دروستکردنی و لە ١٩٥٨ شا غازی کردوویەتییەوە، درێژییەکەی ٧٥٠ مەتر بووە، لای چەپی شارەکە لە نزیک باڵەخانەی شارەوانی دەبەستێتەوە بەلای راستی شارەکە و بەدیاریکراوی گەڕەکی ئەفسەران.

-پردی ئەبو تەمام، درێژییەکەی ٩٤٢ مەتر دەبێت، ناوچەی دارستانەکانی مووسڵ لەلای چەپی شارەکە و ناوچەی نەخۆشخانەی گشتی و ئوتێلی مووسڵ لەلای راستی شارەکە بەیەکتر دەبەستێتەوە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو بونیادنراوە.

-پردی چوارەم، لە سەرەتای ھەشتاکانی رابردوو لە لایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە دروستکراوە و درێژییەکەی ١٢٥٧ مەتر دەبێت.

-پردی پێنجەم، لە کۆتاییەکانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو بونیادنراوە و درێژییەکەی ١٩٤٠ مەتر دەبێت.

بۆ مووسڵ چاککردنەوەی پردەکان زۆر کاری پێویست دەبێت لە پێناو ئاسانکردنی ھاتوچۆی ھاووڵاتییان، ئەو پردانەشی کە چاککراون تا رادەیەکی زۆر کاری ھاووڵاتییانی ئاسان کردووە، بەڵام ھێشتا چاککردنی پردە سەرەکییەکان بە شێوەی جارانی پێویستی بە پارەیەکی زۆر دەبێت.


PM:02:12:25/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 347 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌