کۆڕبەندی ئابووری جیھانی لە داڤۆس بەبەشداری دوو ھەزار و 500 نوێنەر بەڕێوەدەچێت

کۆڕبەندی جیهانیی داڤۆس ئەمڕۆ بە وتاری نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەستپێدەکات، کە باسی گەشەی ئابووریی وڵاتەکەی دەکات. هەروەها یەکێک لە باڵاترین سیاسییەکان کە لە داڤۆسی 2018 بەشدار دەبێت و وتار دەدات، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیایە، ئەو باسی داهاتووی ئەوروپا دەکات بۆ ئەوەی لەدوای برێکسیت بە بەهێزی بمێنێتەوە.

داڤۆس کۆربەندێکی ئابووری جیھانییە، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن پڕۆفیسۆری ئەڵمانی بواری ئابووری کلاوس شواب-ەوە دامەزراوە وەک ڕێگایەک تا بازرگان و خاوەنکارە گەورەکانی ئەوروپا لەگەڵ ھاوتا ئەمەریکییەکانیان تاوتوێی زانیارییە ئابووریە نوێکان بکەن.

لەو کۆڕبەندەدا کەسایەتییە سیاسی و چالاکوان و بیرمەندە ئابووری و ھونەرییەکان بەشداری دەکەن.

لە کۆڕبەندی ئەمساڵدا کێ بەشدارە؟
بڕیارەلە کۆڕبەندی ئەم ساڵدا زیاتر لە دوو ھەزار و 500 نوێنەرو شاندی حکومی و دەزگا تایبەتەکانی وڵاتانی جیھان بەشداربن، ھاوکات 70 سەرکردەی سیاسی جیھانی بەشداردەبن، لە ناویاندا نارێندا مۆندی سەرۆک وەزیرانی ھینندستان ھەیە، کە ووتاری سەرەکی کۆڕبەندەکە لەلایەن ئەوەوە دەخوێنرێتەوە.

ھەروەھا سەرکردە سیاسییە دیارەکانی جیھان لەوانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکار ئەڵمانیا و ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و  تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ھاوتا ئیتاڵیەکەی بەشداردەبن.

ھەروەھا شاندێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان-یش بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆڕبەندەکەدا بەشداردەبن.

جگە لە سەرکردە سیاسییەکان بیرمەند و نوسەری جیھانی وەک ستیڤن پینکەر، کە پسپۆرە لە بواری دەرونشیکار و دیارترین کەسایەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست-یش مەلالا یوسفزادەی بەرەگەز پاکستانییە کە براوەی خەڵاتی نۆبڵ-ی ئاشتی-یە بەشداردەبێت.

ئەجێندای ئەمساڵی کۆڕبەندەکە چی لە ھەگبەدایە؟
بەگوێرەی ڕێکخەرەکانی کۆڕبەندەکە سەرەکیترین ڕووکاری ئەمساڵی کۆڕبەندەکە فەراھەمکردنی داھاتوویەکی ھاوبەش دەبێت بۆ وڵاتانی پەراوێزخراو.

پانێڵی وتووێژی کۆڕبەنی ئەمساڵ لە لایەن سەرکردە جیھانییەکانی بواری بازرگانی، ئابوری، زانست و ھونەرەوە بەڕێوەدەچێت، ھاوکات زۆربەی پانێڵەکانی لەبواری "شۆڕشی پیشەسازی چوارەم"ەوە دەبێت.

پانێڵ و بابەتەکانی دیکەی وتووێژە ھاوبەشەکانی کۆڕبەندەکە لەسەر ئاڵنگاری و ئاستەنگە جیۆستراتیژییەکانی سەردەمی ترەمپ و دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و شوناسی سیاسی دەبێت، ھاوکات تاوتوێکردنی جیاکردنەوەی راستی لە خەیاڵ لە سەردەمی "ھەواڵی ساختەدا" بەشێکی دیکەی گرنگی پانێڵەکە دەبێت.

بەھۆکاری ئەوەی تەنھا یەک لەسەر پێنجی بەشداربووەکان لە رەگەزی مێینەن، رێکخەرەکانی کۆڕبەندەکە سوورن لەسەر رەخساندنی پانێڵێک بۆ تاوتوێکردنی جوڵانەوەیەک بەدروشمی "#metoo" منیش، ھەروەھا بۆ بەرەو پێشبردنی یەکسانی رەگەزیی و نەھێشتنی جیاوازی جێندەری لە کۆڕبەندە گرنگەکاندا.

لەناو سەرکردە سیاسییە جیھانییەکاندا، بەشداربوونی سەرکردەی زلھێزترین دەوڵەتی جیھان دۆناڵد ترەمپ ناڕەزای زۆری لێکەوتووەتەوە، کە بووەتە ھۆی ئەوەی زۆرێک لە بەشداربوەکان پاشگەزببنەوە و تەنانەت وا بڕیارە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە دژی ترەمپ بەرپابکرێت و بایکۆتی کۆڕبەندەکە بکەن.

ناڕەزایی دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوای ھەڵوێستەکانی دێت سەبارەت بە کۆچبەرەکانی ئەمەریکاو گوێنەدان بە چارەنوسییان بەتایبەتیش کۆچبەرانی وڵاتانی ئەفەریقا کە لە ماوەی رابردوودا ترەمپ  بە "کونە پیسای" ناوی بردن.


PM:12:26:23/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 211 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌