كاسبكارانی هەڵەبجە: بازاڕ تەنها لەكاتی پێدانی مووچە تۆزێک‌ جموجوڵی تێدەكەوێت

بەشێك لەكاسبكارانی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنن، كە جموجۆڵی بازرگانی ڕووی لەكەمی كردووە و ڕەوشی بازاڕیش بەتەواوی كزبووە، خاوەنی سۆپەرمارکێتێکیش دەڵێت:"دوكاندار و فرۆشیارەکان تەنیا بۆ مانەوە لە ئیشەکە بەردەوامە لەكاركردن، ئەگەرنا چاوەڕێی قازانجێكی ئەوتۆ ناكەن".

نزیکەی چوار ساڵە، قەیرانی دارایی بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان گرتووە، بەشێک لە هاوڵاتیانی شاری هەڵەبجەش، باس لە کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی لەسەر بازاڕ دەکەن.

كۆسار نادر، خاوەنی سۆپەرماركێت، وتی: "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەورەوە تا بچوك بەتەواوی داڕماوە و جموجۆڵی بازاڕیش بەتەواوی وەستاوە، ئەوەشی كە دوكاندار و فرۆشیارە تەنیا بۆ مانەوە لەئیشەکە بەردەوامە لەكاركردن، ئەگەرنا چاوەڕێی قازانجێكی ئەوتۆ ناكەن، بەتایبەت لەهەڵەبجە كەشوێنێكی داخراوە كاریگەری قەیرانەكە زیاتر لێرە دەردەكەوێت".

وتیشی:"زۆربەی دانیشتوانی هەڵەبجە مامۆستا و مووچەخۆرن و پاشەكەوت و دواكەوتنی مووچەش هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی وەك جاران ڕوو لە كڕینی شتومەك نەكەن، ئەوەشی كە دەیكڕن زۆر جار بەقەرز دەیبەن و گوێ‌ نادەنە كوالێتی كاڵاكە و كامەیان زۆر هەرزانتر بێت دەیكڕن".

نێچیر فەریق، خاوەنی فرۆشگایەکی هەرزان بازاڕ، وتی:"بازاڕ وای لێهاتووە تەنها لەكاتی پێدانی مووچە تۆزێک‌ جموجوڵی تێدەكەوێت، سەرباری هەرزانكردنی نرخی شتومەكانیشمان، بەڵام هیچ سودێكی نەبووە و هاوڵاتی بەشوێن هەرزانترین نرخ دەگەڕێت".

ئەو خاوەن هەرزان بازاڕە، هۆكاری ئەم قەیران و بێ‌ بازاڕییەی، بۆ شكستهێنانی حكومەتی هەرێم لەبەڕێوەبەردنی وڵاتدا گەڕاندەوە، دەشڵێت: پێویستە بەرپرسانی هەرێم یان خۆیان بارودۆخەكە چارەسەر بكەن بەلابردنی پاشەكەوتی مووچە و پێدانی لەكاتی خۆی، یان ڕێكبكەون لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی ناوەند بۆ دابینكردنی مووچە لە لایەن بەغداوە.



PM:12:30:16/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌