کونسوڵی گشتی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەکات


سه‌ر له‌به‌یانى ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌ ١٥ / ١ / ٢٠١٨، سەرۆک‌و جێگرو ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌وپیشەسازی سلێمانی پێشوازییان لە"هاكان كاراچه‌ى" كونسوڵی گشتى توركیا له‌هه‌رێمى كوردستان کرد.

لەسەرەتای دیدارەکەدا كونسوڵی گشتى توركیا له‌هه‌رێمى كوردستان دڵخۆشی خۆی‌و وڵاتەکەی بەگەشەکردنی پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان‌و تورکیا دەربڕی‌و خوازیاری ئەوە بوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان کارئاسانی زیاتر بۆ کۆمپانیا تورکیەکان بکات بەمەبستی فروان کردن‌و پێشخستنی کارەکانیان لەھەرێمی کوردستان.

کونسوڵی گشتی تورکیا رایگەیاند "ئەگەر حکومەتی ھەرێم ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگانان‌و کۆمپانیا تورکییەکان بکات، پەیوەندییە  ئابوریەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاترو فروانتر دەبێت".

لەبەرامبەریشدا، "سیروان محەمەد" سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی جەختی لەگرنگی ئاسانکاریی زیاتری تورکیا کردەوە بۆ بازرگانانی کوردستان بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی رەوشی ئابوری‌و زیادکردنی رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێم‌و تورکیادا.

سەرۆکی ژوور داوایی کرد کۆمپانیا و کارگە تورکیەکان بێنە شاری سلێمانی‌و لێرە وەبەرھێنان بکەن‌و کارەکانیان لەناو هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، ئەو وتی "ئێمە ئامادەین ھەموو ئاسانکارییەکیان بۆ بکەین بەمەبستی رەخساندی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆ''.

سیروان محەمەد راشیگەیاند، ''داوامان لەکونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کردوە کە کۆنفرانسێکی گەورەی ئابووری لەنێوان هەردولادا ببەسرێت بەمەبەستی بەهێزتر کردنی کەرتی ئابوری‌و بازرگانی‌و دیاریکردنی کیشە و گرفتەکانی بازرگانی هەردولاو دۆزینەوە میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە''.

سەرۆکی ژوور جەختی لەوەش کردوە نیگەرانین  لە هەبونی گومرکی سەفرا لەخواری عێراق، ئەو بارانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە ناوچەکانی تری عێراق جارێکی تر گومرک دەکرێتەوە داواکارین حکومەتی هەرێم‌و عێراق ئەم گرفتە چارەسەر بکەن کە زیانی گەورەی لە کەرتی ئابوری داوە.

لای خۆیەوە"هاكان كاراچه‌ى" كونسوڵی گشتى توركیا له‌هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند "ئاسانکاری تەواو بۆ ئەندامانی ژووری بازرگانی پیشەسازی سلێمانی دەکرێت لەپێدانی ڤیزەدا، ئەو وتی "ھەوڵدەدەین کێشە بۆ بازرگانانی سلێمانی دروست نەکرێت کە سەردانی تورکیا دەکەن".



PM:12:13:15/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 1734 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌