چه‌ند باندێك پاره‌ به‌نیوه‌ قیمه‌ت ده‌فرۆشنه‌وه‌

جۆره‌كانی‌ فێڵ‌و ته‌ڵه‌كه‌بازی‌ به‌هۆی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ زۆر بوون، ئێستا چه‌ند باندێك په‌یدابوون كه‌ به‌ناوی‌ پاره‌ فرۆشتنه‌وه‌ قۆڵی‌ هاوڵاتیانی‌ عێراق ده‌بڕن.

هه‌ندێك له‌ عێراقییه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ند باندێكی تاكه‌كه‌سیه‌وه‌ دووچاری هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن ده‌بنه‌وه‌‌و له‌ڕێی ئینته‌رنێت یاخود فه‌یسبووكه‌وه‌ نامه‌یان بۆ ده‌نێرن‌و تێیدا داوای فرۆشتنی بڕێك پاره‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ ناتوانن وه‌به‌رهێنانی پێوه‌ بكه‌ن، چونكه‌ له‌ترسی سزادان براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆیه‌ هه‌ندێك كه‌س له‌خشته‌ ده‌چن‌و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن‌و دواتر بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ته‌ڵه‌وه‌.

تارقی سه‌رتاش (37 ساڵ) له‌و سه‌رتاشخانه‌یه‌ی له‌ ناوچه‌ی مه‌نسووری ناوه‌ڕاستی به‌غدا كاره‌ی تێدا ده‌كات، باسی ئه‌وه‌ بۆ مه‌عمیله‌كانی ده‌كات كه‌ به‌م نزیكانه‌ هه‌موو خه‌ونه‌كانی دێنه‌دی‌و ته‌نیا هه‌ندێك كاتیان ده‌وێت.

ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خێرا‌و سه‌فه‌ركردن‌و دروستكردنی ژیانێكی نوێ له‌ وڵاتێكی ئارام‌و خۆشگوزه‌ران، هه‌موویان خه‌ونی ره‌نگاڵه‌یین‌و تارق له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ به‌م نزیكانه‌ به‌دییان بهێنێت، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی رێگایه‌كی دۆزیه‌وه‌ كه‌ پێیوایه‌ ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئامانجه‌كه‌ی.

مه‌عمیله‌كانی تارق له‌ دراوسێكانی كارلێكی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ له‌ گفتوگۆی نێو سه‌رتاشخانه‌كانی پیاواندا روو ده‌دات‌و هه‌ر كه‌ ته‌واوبوو له‌بیر ده‌چێته‌وه‌.

دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك یه‌كێك له‌ دانیشتووانی نێو سه‌رتاشخانه‌كه‌ یه‌كێك له‌ هاوكاره‌كانی تارق ده‌باته‌ لایه‌كه‌وه‌‌و باسی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كات كه‌ ده‌بێت تارق واز له‌و رێگایه‌ بهێنێت كه‌ ده‌یه‌وێت بیگرێته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی له‌ یه‌ك كاتدا كاره‌كه‌ی‌و پاره‌كه‌ی‌و خه‌ونه‌كانیشی له‌ده‌ست نه‌دات.

تارق ده‌یه‌وێت بڕی شه‌ش ملیۆن دیناری عێراقی كۆبكاته‌وه‌ تا ده‌ست به‌ پرۆژه‌ نوێیه‌كه‌ی بكات كه‌ قازانجێكی باشی ده‌ستده‌كه‌وێت‌و هه‌ر جارێك دوو هێنده‌ زیاد ده‌بێت.

چیرۆكه‌كه‌ له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ تارق به‌ر له‌ دوو مانگ بڵاوكراوه‌ی یه‌كێك له‌ په‌یجه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خوێنێته‌وه‌ كه‌ زۆرترین به‌كارهێنه‌ری له‌ عێراقدا هه‌یه‌ ئه‌ویش فه‌یسبووكه‌، سه‌باره‌ت به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ كه‌ به‌ چه‌ند ملیۆن دۆلارێك مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت‌و خاوه‌نه‌كانی ناتوانن بیهێننه‌ ناو عێراقه‌وه‌‌و ده‌یانه‌وێت به‌ نیوه‌ قیمه‌ت بیفرۆشن.

"به‌سته‌یه‌ك به‌ شه‌ش ملیۆن‌و وه‌ره‌قه‌یه‌ك به‌ 60 هه‌زار".. واته‌ به‌سته‌یه‌كی 10 هه‌زار دۆلاری ته‌نیا به‌ پێنج هه‌زار دۆلار به‌ پاره‌ی عێراقی‌و 100 دۆلاریش به‌ 60 هه‌زار دینار كه‌ ده‌كاته‌ كه‌متر له‌ 50 دۆلار، به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌حمه‌د یاسری (ناوی به‌كارهاتوو له‌لایه‌ن خاوه‌نی بڵاوكراوه‌كه‌) بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌كات ده‌یه‌وێت بیفرۆشێت.

گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییشی هاوپێچی بڵاوكراوه‌كه‌ كردووه‌ ملیۆنان دۆلاری تێدا پیشان ده‌درێت‌و وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ راسته‌قینه‌ بن‌و ساخته‌ نه‌كرابن‌و خاوه‌نی بڵاوكراوه‌كه‌ش به‌ده‌نگی خۆی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات‌و ئه‌وه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "به‌سته‌یه‌ك به‌ شه‌ش ملیۆن‌و وه‌ره‌قه‌یه‌ك به‌ 60 هه‌زار"ه‌، هه‌ركه‌سێكیش بیه‌وێت ورده‌كاریه‌كانی بزانێت ده‌توانێت نامه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و په‌یجه‌ بنێرێت.

یاسری وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و نامانه‌ ناداته‌وه‌ كه‌ له‌ڕێی په‌یجه‌ تایبه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ پێی ده‌گه‌ن سه‌باره‌ت به‌ فرۆشتنی ئه‌و پاره‌یه‌ به‌و نرخه‌ی ناكاته‌ لانی كه‌می نیوه‌ی نرخه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی، به‌ڵام زۆرێك له‌وانه‌ی وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه‌ به‌ تارقیشه‌وه‌ ده‌ڵێن هۆكاره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و پارانه‌ دزراون‌و ژماره‌كانیان لای لایه‌نه‌كانی چاودێری نێوده‌وڵه‌تی تۆماركراون‌و به‌و پێیه‌ش ناتوانرێت به‌بڕی زۆر مامه‌ڵه‌یان پێوه‌بكرێت له‌ڕێی بانكه‌كان یاخود حه‌واڵه‌كردنه‌وه‌، هه‌روه‌ك مه‌حاڵیشه‌ له‌رێی فڕۆكه‌خانه‌كان یان ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ بهێنرێنه‌ ناو عێراق یاخود هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تره‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر كه‌س پێیانوایه‌ ده‌ستكه‌وتنی به‌شێكی بچووك له‌و پارانه‌‌و مامه‌ڵه‌پێوه‌كردنی به‌ برٍێكی كه‌م ره‌نگه‌ بازرگانییه‌كی زۆر به‌سوود بێت، چونكه‌ كارێكی ئاسانه‌ پاره‌یه‌ك بگاته‌ 10 هه‌زار دۆلار له‌ عێراقدا خه‌رج بكرێت له‌ڕێی چه‌ند مامه‌ڵه‌یه‌كی بازرگانی وه‌كو كڕینی ئۆتۆمبیلێك یان هه‌ر شتێكی دیكه‌‌و ته‌نانه‌ت گۆڕینه‌وه‌شی له‌ دوكانه‌كانی پاره‌گۆڕینه‌وه‌دا.

تارق هه‌وڵ ده‌دات یه‌كه‌م به‌سته‌ی ده‌ هه‌زار دۆلاری له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌ش ملیۆنه‌دا ده‌ست بكه‌وێت كه‌ كار بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌كات تا لێره‌ له‌ به‌غدا مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكات‌و جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كڕینی دوو به‌سته‌ی دیكه‌ به‌و نرخه‌‌و به‌رده‌وامیش بێت له‌و كاره‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ده‌توانێت له‌ڕێیه‌وه‌ خه‌ونه‌كانی له‌ ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا بهێنێته‌دی به‌ پشتبه‌ستن به‌و پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د یاسریه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو.

به‌ڵام راستییه‌كانی پشت ئه‌وه‌ی یاسری بڵاویان ده‌كاته‌وه‌ ته‌واو جیاوازن له‌وه‌ی به‌ خه‌یاڵی هه‌ر كه‌سێكدا دێت كه‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌و‌و هاوشێوه‌كانی خوێندبێته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ یان به‌شێوه‌یه‌كی شاره‌زایانه‌ ساخته‌كراون زه‌حمه‌ته‌ ئاشكرا بكرێن یاخود دزراون وه‌ك پێشتر باسكرا یان ته‌نانه‌ت پاره‌یه‌كه‌ ده‌بێت سپی بكرێته‌وه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی دیاریكراو.

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د (32 ساڵ) ئه‌زموونی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ باندانه‌دا ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م فێڵانه‌ به‌كارده‌هێنن تا بێبه‌رامبه‌ر پاره‌ی قوربانییه‌كانیان ده‌ست بكه‌وێت.

محه‌مه‌د ده‌ڵێت: "ئه‌و پارانه‌ راسته‌قینه‌ن، ساخته‌ یان دزراو نین یاخود پێویستیان به‌ سپیكردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نا راسته‌قینه‌یه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌دا ئه‌وه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ فرۆشتن نین".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بانده‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ له‌خشته‌ ده‌به‌ن كه‌ به‌دوای پاره‌ی زۆردا ده‌گه‌ڕێن له‌ڕێی پیشاندانی ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ بۆ فرۆشتن له‌به‌رامبه‌ر نیوه‌ی به‌های راسته‌قینه‌یاندا تا ببێته‌ ته‌ڵه‌یه‌ك به‌رله‌وه‌ی قوربانیه‌كان هان بده‌ن كه‌ پاره‌كانیان حه‌واڵه‌ بكه‌ن بۆ چه‌ند كه‌سێك یان چه‌ند حسابێكی دیاریكراو به‌و رێگایانه‌ی له‌لایه‌ن بانده‌كه‌وه‌ دیاری ده‌كرێن، دواتر قوربانییه‌كه‌ به‌دره‌نگ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ته‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌‌و ناتوانێت پاره‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه‌".

محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی روون كرده‌وه‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ی پێیان وابووه‌ زیره‌كترن، ناچار بوون به‌پێی رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی بانده‌كه‌ خۆیان سه‌فه‌ر بكه‌ن بۆ ئوردن‌و لوبنان بۆئه‌وه‌ی ته‌واوكردنی سه‌ودانامه‌كه‌ مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام گه‌یشتوونه‌ته‌ هه‌مان خاڵی ئه‌وانه‌ی سه‌فه‌ریان نه‌كردووه‌، ئه‌ویش پێویستی حه‌واڵه‌كردنی پاره‌ی دیاریكراوه‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی وه‌ربگرن.

به‌ڵام خه‌ونی ئه‌وانه‌ی خواستی سامانیان هه‌یه‌ تێكده‌شێت‌و هه‌ر زوو ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌نێن‌و پاره‌كه‌ ده‌ده‌ن به‌وانه‌ی بازرگانی به‌ خه‌ونه‌كانیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وسا بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌وانیش ته‌نیا قوربانیه‌كن‌و ده‌چنه‌ پاڵ قوربانییه‌كانی دیكه‌ی ده‌ستی ئه‌و باندانه‌ كه‌ ژماره‌یان به‌سه‌دان‌و بگره‌ هه‌زارانیش ده‌بێت.

كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ قوربانییه‌كان ناتوانن خه‌به‌ر له‌و باندانه‌ بده‌ن، چونكه‌ ده‌زانن كه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ به‌شدارن له‌ تاوانێكدا كه‌ یاسا سزای بۆ داناوه‌‌و ده‌زانن ئه‌و پاره‌یه‌ دزراوه‌ یان ساخته‌یه‌ یاخود به‌شێكه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی فراوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێیان خزاوه‌ته‌ نێو گێژاوه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بنبڕكردنی تاوانی رێكخراو له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق هۆشداری له‌باره‌وه‌ ده‌دات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌میدی یاسایی خالید عه‌بود به‌دای  وتی: "ره‌نگه‌ ناشاره‌زایی هاووڵاتی له‌ یاسا هۆكارێك بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ببنه‌ قوربانی ئه‌و باندانه‌‌و له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا ره‌نگه‌ قوربانییه‌كه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ به‌شداربێت له‌ تاوانه‌كه‌دا كه‌ ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ ئاگابوونه‌ له‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌".

پێده‌چێت بانده‌كان به‌باشی له‌ یارییه‌كه‌ تێگه‌یشتبن بۆیه‌ یاسایان كردووه‌ به‌ رێگه‌یه‌ك بۆ زامنكردنی خه‌به‌رنه‌دانی قوربانییه‌كه‌، ئه‌ویش له‌ڕێی تێوه‌گلاندنی له‌ به‌شداریكردن له‌ تاوانێكی گریمانه‌یی كه‌ رێگره‌ له‌وه‌ی خه‌به‌ری لێبدات تا نه‌بێته‌ یه‌كێك له‌ تێوه‌گلاوانی له‌ رووی یاساییه‌وه‌، بۆیه‌ رازی ده‌بێت به‌ له‌ده‌ستدانی پاره‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی سزای یاسایی نه‌یگرێته‌وه‌.

عه‌مید به‌دای هانی هاووڵاتیانش ده‌دات عه‌قڵیان بكه‌نه‌ دادوه‌ر پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و باندانه‌دا تێوه‌بگلێن ئه‌و وته‌یه‌ش به‌بیرده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت یاسا گه‌مژه‌كان ناپارێزێت‌و پاره‌ی جێهێڵراویش دزی ده‌ناسێت.

ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیش هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌پێی توانا ئه‌و تاوانانه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌ له‌ڕێی به‌دواداچوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی كار له‌سه‌ر بانگه‌شه‌كردن بۆ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ده‌كه‌ن چ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان یاخود له‌ ژیانی گشتیدا له‌ڕێی دروستكردنی به‌شی تایبه‌ت به‌ به‌دواداچوونی ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌ كه‌ كاركردنیان ته‌نیا پشت به‌ واقیع نابه‌ستێت، به‌ڵكو په‌لیش ده‌هاوێت بۆ جیهانی گریمانه‌یی له‌ڕێی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و په‌یجانه‌‌و هه‌ڵسوڕێنه‌رانیان.

عه‌مید به‌دای وتیشی: "رێوشوێنه‌كانمان راوه‌دوونانی هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ئه‌و په‌یجانه‌ له‌خۆده‌گرن تا ده‌ستمان پێیان ده‌گات‌و له‌دوای ئه‌وانیش هاككردنی هه‌ندێك له‌و په‌یجانه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك رێوشوێنی دیكه‌".

عه‌مید به‌دای داوای له‌ هاووڵاتیانیش كرد "هاوكاری به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان بكه‌ن له‌ڕێی تۆماركردنی سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و په‌یجانه‌ی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ كاری فێڵ‌و ته‌ڵه‌كه‌بازی‌و تاوانی قۆڵبڕین‌و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن ئه‌نجام ده‌ده‌ن".

هه‌ڵسوڕێنه‌رانی په‌یجه‌كانیش رووبه‌ڕووی ئه‌و رێوشوێنه‌ یاساییانه‌ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ یاسا به‌ركاره‌كانی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو قۆڵبڕین‌و ته‌ڵه‌كه‌بازی دیاریان كردوون هه‌روه‌ها ئه‌و كارانه‌ی دیكه‌ی له‌ڕێی ئه‌و په‌یجانه‌وه‌ ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن.


نیقاش


PM:12:07:12/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 1099 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌