هاوڵاتیانی دیاربه‌كر به‌ گالیسکەی کارەبایی هاتووچۆ ده‌كه‌ن

گالیسکەی کارەبایی لە لایەن کارسازێکەوە ھێنرایە شاری دیاربەکر کە بایەخێکی زۆر لە لایەن ھاووڵاتیانەوە دەبینێت.

گالیسکە کارەباییەکە لە لایەن کۆمپانیایەک لە شاری دەنیزلی دروست کرا و پاشان بۆ شارۆچکەی سووری شاری دیاربەکر گواسترایەوە. ھاووڵاتیان بۆ ماوەیەکی کورت سواری گالیسکە کارەباییەکە دەبن کە بووەتە ھۆی دروستبوونی دیمەنێکی رەنگاورەنگ.

نوێنەری ئەو کۆمپانیایەی گالیسکە کارەباییەکەی بەرھەمھێناوە بە ناوی وەیسی تان لە لێدوانێکیدا رایگەیاند پێشتر لە کۆڵانە مێژووییەکانی شاری دیاربەکر گالیسکەی بە ئەسپ بەکاردەھێنرا.

وەیسی تان ئاماژەی بەوەش دا کە بەمنزیکانە خزمەتگوازری گالیسکەی کارەبایی لە شارۆچکەی سوور دەست پێدەکات و گوتیشی: "گالیسکەی کارەبایی خزمەتێکی زۆر پێشکەش بە کەرتی گەشتیاری لە شارەکە دەکات و سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت. گەشتیاران بە گالیسکەی کارەبایی بۆ شوێنەوارە مێژووییەکان دەگوازرێتەوە. لە رابردوودا گالیسکە بە مەبەستی تاکسی بەکاردەھێنرا".

ھاووڵاتییەک بەناوی زەلیھا یوکسەک کە سواری گالیسکە کارەباییەکە ببوو، وتی: "بە کارەباییکردنی گالیسکە دڵخۆشی کردین. چونکە ئاژەڵەکان ئازار ناکێشن. خۆشحاڵین بە گەشتکردنمان بە گالیسکەی کارەبایی لە سوور. پێموایە ئەمە خزمەت بە کەرتی گەشتوگوزاری شارەکە دەکات".

ئەگەر بەرپرسانی شارەوانی دیاربەکر مۆڵەتی بە گالیسکەی کارەبایی بدەن، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەیەک لە گالیسکەی کارەبایی بۆ شارۆچکەی سوور بگوازرێتەوە.



PM:04:26:11/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌