“حەیدەر عەبادی موچەی موچەخۆرانی هەرێم نانێرێت”

ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار لەحكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت: ئێستا كورد خۆی ئامادەنیە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا و چونكە كورد یەكگرتوو نیەو بەو هۆیەشەوە بیانویەك دراوە بە حكومەتی عێراقی تا گفتوگۆكان دوابخات و بۆیە لەو باوەڕەدام حەیدەر عەبادی موچەی موچەخۆرانی هەرێم نانێرێت.

 فریاد ڕەواندزی وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار لە حكومەتی عێراق ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی كورد لەناوخۆدا یەك دەنگ نیە و یەكگرتوو نیەو هەندێك لایەن لەناو خۆی هەرێمدا گومانیان خستۆتە سەر شەرعیەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بۆتە بیانویەك بەدەست حكومەتی عێراقی تا گفتوگۆكان دوابخات یا بڵێت تا ئێستا ئەم حكومەتە لەناوخۆی خۆی یەكگرتوو نیە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد:" ئەگەر كورد بەم شێوازە پارچە پارچەیی و یەكنەگرتوویە بچێتە گفتوگۆكان بەلاوازی دێتە ناو گفتوگۆكان هیچ شتێكی وای دەست ناكەوێت كەبتوانێت لەڕێگای گفتوگۆكان چارەسەری كێشەكانی پێ بكات تەنانەت چارەسەری موچەش بەوجۆرە ناكرێت."

 

وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق كەبەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ئەوەشی خستەڕوو:" بەغداد بەم شێوازە ئامادەنیە بۆ گفتوگۆ یا دەیەوێت كات زیاتر لەبەرژەوەندی خۆی بكوژێت و من لەو باوەڕەدام پێویستە كورد خۆی ئامادەبكات و بیر لەخۆی بكاتەوە بەر لەوەی بیر لەبەغداد بكاتەوە."



فریاد ڕەواندزی ووتیشی:"حكومەتی عێراق دەیەوێت خاڵە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكانی هەرێمی تەسلیم بكرێتەوە كە ئەمە پێچەوانەی مادە ١١٤ ی دەستوری عێراقیە كە دەڵێت بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانە و خاڵە سنورییەكان بەهاوبەشی دەبێت بەڵام حكومەتی عێراق ئەو هاوبەشیە قبوڵ ناكات، ئەمەش لەلایەن كوردەوە قابیلی قبوڵ نیە چونكە دەیانەوێت هەموو دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێم بۆ خۆیان ببەن،بۆیە باشترە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە هەردولا بگەڕێنەوە ئەو ماددە دەستوریە".

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد:" ئەگەر بەغداد لیژنە بنێرێت مانای وانیە كە فەرمانبەرە كوردەكان دەردەكرێن بەڵكو كێشەكە ئێستا دەست بەسەردا گرتن و ئیدارەدانە".

فریاد ڕەواندزی باسی لەوەشكرد:" وابزانم هەرێم نەرمی زۆری نواندووە بۆ بەغداد هەتا جارێك لە ئەنجومەنی وەزیران بووە مشتومڕم لەگەڵ حەیدەر عەبادی كە ئەو لەوە زیاتر چی لەهەرێم دەوێت؟ بەڵام دیارە ئێستا عێراق خۆی بەسەركەوتوو دەزانێت، دەیەوێت بەرهەمی ئەو سەركەوتنانە لەهەرێم وەربگرێت و دەیانەوێت دەسەڵاتەكانی هەرێم زیاتر كەم بكەنەوە،بەڵام لەڕاستیدا دەبێت ئەوە بڵێم سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران حەیدەر عەبادی ئامادەییەكی وای تێدا نیە كە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بكات."



AM:10:05:09/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 1877 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌