هه‌ورامان جوتیارێک ماوه‌ى ١٢ ساڵه‌ قارچک به‌رهه‌مده‌هێنێت

له‌ گوندێکی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی هه‌ورامان ماوه‌ی زیاتر له‌ ١٢ ساڵه‌ جوتیارێک سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی قارچکی که‌مه‌ره‌یی-یه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات ته‌نها له‌مساڵدا نزیکه‌ى دوو ته‌ن قارچکیان خستوه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌.

ئه‌و جوتیاره‌ که‌ دانیشتوى گوندێکى بیاره‌یه‌ له‌ هه‌ورامان، باسى قۆناغه‌کانى به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و جۆره‌ قارچکه‌ ده‌کات، که‌ پێى ده‌وترێت قارچکى که‌مه‌ره‌یى و وه‌ک خۆى باسى ده‌کات، ئه‌و پێداویستییانه‌ی که‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی قارچک به‌کارده‌هێنرێن پاشماوه‌ی به‌روبومی کشتوکاڵیین و هه‌روه‌ها  پێویستی به‌ ٣٠ ڕۆژ هه‌یه‌ تا به‌ ته‌واوه‌تی بکه‌وێته‌ به‌رهه‌م و ده‌توانرێت تا سێ‌ مانگیش به‌رهه‌م بدات.

ئه‌سکه‌نده‌ر که‌یخه‌سه‌ره‌و، یه‌کێک له‌ جوتیارانی گوندی خه‌رپانی سه‌ر به‌شاره‌دێی بیاره‌، شێوازی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و جۆره‌ قارچکه‌ی  باسکرد و وتی:" قارچک به‌ ده‌یان جۆری جیاوازی هه‌یه‌، به‌ڵام باشترین جۆریان قارچکی "که‌مه‌ره‌یی"یه‌ که‌ ئێمه‌ به‌رهه‌می ده‌هێنین، سه‌ره‌تای کاره‌که‌شمان به‌ کۆکردنه‌وه‌ی پوش و پاشماوه‌ی گه‌نم و جۆ و برنج ده‌ست پێده‌که‌ین، پاشان ئه‌و پاشماوانه‌ ده‌گوازینه‌وه‌ بۆ کۆگای گه‌وره‌ و هه‌ڵیان ده‌گرین به‌جۆرێک که‌ نابێت باران لێیان بدات و پیس ببن".

 ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "پێداویستی سه‌ره‌کی له‌ به‌رهه‌مهێنانی قارچکدا بریتییه‌ له‌ بوونی (سپۆر) واته‌ تۆوی قارچک، بۆ ده‌ستکردن به‌ به‌رهه‌مهێنانی قارچک ده‌بێت سه‌ره‌تا ئه‌و پۆش و پاشماوه‌ی گه‌نمه‌ی کۆمانکردوه‌ته‌وه‌ بیکه‌ینه‌ ناو قازانێکی گه‌وره‌وه‌ به‌ ئاگرێکی به‌هێز بۆماوه‌ی زیاد له‌ یه‌ک کاتژمێر، که‌ پله‌ی گه‌رمیه‌که‌ی نزیک بێته‌وه‌ له‌ ١٠٠ پله‌ی سیلیزی، بیکوڵێنین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و میکۆرب و به‌کتریا زیان به‌خشانه‌ی بونیان هه‌یه‌ له‌ ناو ببرێن، پاشان پوشه‌که‌ ده‌رده‌هێنین هه‌ر به‌ ته‌ڕی ده‌یکه‌ینه‌ ناو کیسی تایبه‌ت به‌ به‌رهه‌مهێنانی قارچک و سپۆڕه‌که‌ی تێکه‌ڵ ده‌که‌ین، به‌ڵام کونی ورد ورد ده‌که‌ینه‌ کیسه‌کان".

ئه‌و جوتیاره‌ که‌ داهێنانى له‌ کاره‌که‌یدا کردوه‌ باسى له‌وه‌ ده‌کات: "بۆ هه‌ر کیسێک نزیکه‌ی شه‌ش کیلۆ پوشی ته‌ڕی تێده‌که‌ین به‌ به‌رزی ٥٠ سانتیم، پاشان ده‌یگوازینه‌وه‌ بۆ ژورێکی تایبه‌ت  که‌ پێی ده‌وترێت "ژوری له‌دایکبوون"، ده‌بێت پله‌ی گه‌رمی ژوری له‌دایکبونیش له‌ نێون ١٦ بۆ ٢٥ پله‌ی سیلیزی بێت".

ئه‌سکه‌نده‌ر ئه‌وه‌شی باسکرد، نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک تیشکی خۆر بگاته‌ ژووری له‌ دایکبوون، دوای ئه‌وه‌ش له‌ ماوه‌ی ٣٠ ڕۆژدا ئه‌و کیسانه‌ ده‌ست ده‌که‌ن به‌ به‌رهه‌مهێنانی قارچک که‌ بۆ هه‌ر کیسێک نزیکه‌ی سێ‌ کیلۆ قارچک به‌رهه‌م ده‌هێنن و بۆماوه‌ی سێ‌ مانگیش ئه‌م کیسانه‌ به‌رهه‌میان ده‌بێت، پاشان ده‌یکه‌ینه‌ ناو قاپی تایبه‌ت به‌ قارچک و ڕه‌وانی بازاڕی ده‌که‌ین و خواستێکی زۆریشی له‌سه‌ره‌ و ته‌نها له‌مساڵیشدا نزیکه‌ی دوو تۆن قارچکمان خستوه‌ته‌ بازاڕاوه‌.

له‌لایه‌کى تره‌وه‌ عومه‌ر محه‌مه‌د، خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس له‌ پاراستنی ڕووه‌ک به‌  ده‌ڵێت: به‌شێوه‌یه‌کی گشتی (که‌ڕوو) ده‌کرێن به‌ دوو جۆری سه‌ره‌کییه‌وه‌، زیان به‌خش و سوود به‌خش، به‌جۆرێک که‌ڕووه‌ زیان به‌خشه‌کان زیان به‌ کشتوکاڵ و به‌روبوومه‌ خۆراکییه‌کان ده‌گه‌یه‌نن، جۆره‌ به‌سوده‌که‌شییان که‌ قارچکی پێده‌وترێت سودێکی زۆری هه‌یه‌ و به‌ یه‌کێک له‌ خۆراکه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان داده‌نرێن که‌ بڕێکی زۆر پرۆتینی تێدایه‌، که‌ هاوتای گۆشت و هێلکه‌یه‌ له‌ بونی پرۆتیندا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌و قارچکه‌ی که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌ستکرد و له‌ناو کارگه‌کاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، له‌ ڕووی پێکهاته‌ و جۆری گه‌شه‌کردنه‌وه‌ جیاوازییه‌کی ئه‌و تۆی نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قارچکه‌ سروشتیانه‌ی که‌ له‌ ده‌شت و دۆڵه‌کاندا گه‌شه‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام بێگومان له‌ڕووی ڕێژه‌ی پرۆتین و هه‌روه‌ها ژه‌هراوی بونی قارچکه‌کانه‌وه‌ جیاوازییان هه‌یه‌، چونکه‌ زۆر جار ئه‌و قارچکه‌ سروشتیانه‌ی که‌ له‌ ده‌شت و دۆڵه‌کاندا گه‌شه‌ده‌که‌ن و مرۆڤه‌کان به‌کاری ده‌هێنن ده‌شێت قارچکێکی ژه‌هراوی بێت و زیان به‌ ته‌ندروستی مرۆڤ بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی بونی پرۆتینه‌وه‌ قارچکی ده‌ستکرد زیاتر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ پرۆتین.

rojnews


AM:10:59:06/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 611 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌