توركیا لە 2017دا دووەم بەرزترین ئاستی هەناردەكردنی لە مێژوودا تۆماركرد


هەناردەكانی توركیا لەساڵی 2017دا دووەم بەرزترین ئاستی لەمێژوودا تۆماركرد‌و گەیشتە 157 ملیار دۆلار، هەروەها عیراقیش لەدوای ئەڵمانیا‌و بەریتانیا سێهەم گەورەترین بازاڕ بووە بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانی توركیا.

وەزارەتی گومرگ‌و بازرگانی توركیا ئامارەكانی تایبەت بە بازرگانی دەرەكی بڵاوكردەوە‌و بەگوێرەی ئامارەكانیش، قەبارەی بازرگانی دەرەكی توركیا لەساڵی 2017دا بەڕێژەی لەسەدا 14 پۆینت 7 بەرزبۆتەوە‌و گەیشتۆتە 391 ملیار‌و 250 ملیۆن دۆلار.

هەربەپێی ئامارەكان، لەساڵی رابردوودا هەناردەی كاڵا‌و بەرهەمی توركی بۆ وڵاتانی جیهان لەسەدا 10 پۆینت 22 بەرزبۆتەوە‌و گەیشتۆتە 157 ملیار‌و 94 ملیۆن دۆلار، كە ئەوەش بەدووەم بەرزترین قەبارەی هەناردەكردن دادەنرێت لەمێژووی توركیادا.

لەهەمان كاتدا هاوردەكردنی كاڵا‌و شمەك نزیكەی لەسەدا 18 زیادیكردووە‌و گەیشتۆتە 234 ملیار‌و 156 ملیۆن دۆلار، بەوپێیەش تەرازووی بازرگانی دەرەكی توركیا لاسەنگ بووە‌و لەساڵی ڕابردوودا بەبڕی 77 ملیار دۆلار كورتهێنانی تۆماركردووە.

وەزارەتی گومرگ‌و بازرگانی توركیا ئاماژەی بەوەشكردووە: كە زۆرترین كاڵا هەناردەی ئەڵمانیا‌و بەریتانیا كراوە‌و عیراقیش سێهەم بازاڕی ساغكردنەوەی كاڵاكانی توركیا بووە‌و لەو ساڵەدا بەبڕی 9 ملیار‌و 60 ملیۆن دۆلار كاڵا‌و شمەكی بە عیراق فرۆشتووە.


PM:06:55:03/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 427 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌