كه‌نه‌دا بوو به‌سه‌رۆكی ئه‌م خوله‌ی جی 7

كه‌نه‌دا له‌ یەکی كانوونی دووه‌می 2018ه‌وه‌ بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌م خوله‌ی حه‌وت وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌ی جیهان (جی 7).

كه‌نه‌دا كه‌ له‌ یەکی كانوونی دووه‌می 2018ه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ سه‌رۆكایه‌تی جی 7 ده‌كات و له‌ 8-9ی حوزه‌یرانی داهاتوودا له‌ ناوچەی جارلیڤۆكس سەر بە ویلایه‌تی كیبیك، میوانداری 44ـه‌مین لووتكه‌ی خولی سه‌ركرده‌كانی جی 7 ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ش حه‌وته‌مین لووتكه‌ ده‌بێت ئه‌و وڵاته‌ میوانداری بكات.

سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا، جه‌ستن ترودۆ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ پرسی سه‌ره‌كی 44ـه‌مین لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی جی 7 بریتی ده‌بێت له‌ بابه‌ته‌كانی "دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌ و به‌رجه‌سته‌ی هاندانی گه‌شه‌ی ئابووریی كه‌ بۆ هه‌مووان ده‌شێت، یه‌كسانی ره‌گه‌زی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هێزكردنی ئافره‌تان و وزه‌ی خاوێن".

وتیشی: "وه‌ك هاوبه‌شانی جی 7، به‌رپرسیارییەتیمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو هاووڵاتییانمان سوودمه‌ندبن له‌ ئابووریی جیهانی، دڵنیابوون له‌ جێهێشتنی جیهانێكی ته‌ندروستتر، ئاسووده‌تر و ئارامتر بۆ منداڵ و نه‌وه‌كانمان".

گرووپه‌كه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1988ه‌وه‌ تا 2014 هه‌شت ئه‌ندامی هه‌بوو و، به‌ جی 8 ناسرابوو، به‌ هۆی داگیركردنی دوورگه‌ی كریمیا له‌ لایه‌ن رووسیاوه‌ له‌ ساڵی 2014دا، رووسیا له‌و گرووپه‌ ده‌ركرا و دوای ئه‌وه‌ به‌ جی 7 ناسرا.

گرووپی جی 7 كه‌ له‌ وڵاتانی كه‌نه‌دا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، به‌ریتانیا و ئه‌مریكا پێكهاتووه‌ له‌ هه‌مان كاتدا به‌ به‌هێزترین حه‌وت وڵاتی ئابووریی جیهان ئه‌ژمار ده‌كرێت.



AM:11:44:02/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌