ژووری‌ بازرگانی‌‌ سلێمانی‌له‌زاری‌ یه‌كه‌مین سه‌رۆكیه‌وه‌


پێش ئه‌وه‌ی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ دابمه‌زرێت، من پێنج ساڵ‌ بوو ئه‌ندامی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ به‌غدا بووم، ئاگاداری‌ ئه‌وه‌ بووم كه‌ دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ پێویستییه‌كی‌ گرنگی‌ شاری‌ سلێمانییه‌. كاتێك به‌راوردی‌ ره‌وشی‌ ئابوری‌‌و بازرگانی‌ نێوان به‌غداو سلێمانیم ده‌كرد، ده‌مبینی‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ ئابوریمان نییه‌ كه‌ بازرگانان رێكبخات‌و رێنمایی‌‌و رێنوێنیان بكات، به‌تایبه‌تی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ره‌وتی‌ بازاڕ‌و  كاری‌ بازرگانی‌. 

له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ كاری‌ بازرگانیم ده‌كرد، هه‌ستم ده‌كرد پێویسته‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ كاری‌ بازرگانی‌ فراوان بكرێت، دوای‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك بازرگانی‌ ناسراوی‌ ئه‌وسای‌ ناو بازاڕی‌ سلێمانی‌، ده‌سته‌یه‌كی‌ (25) كه‌سیمان پێكهێناو داوه‌یه‌كمان به‌مه‌به‌ستی‌ دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ ئابوری‌‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران به‌رزكرده‌وه‌، ره‌زامه‌ندییان نیشانداو له‌مانگی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ 1967 ده‌رگای‌ بوون به‌ئه‌ندام كرایه‌وه‌. سه‌ره‌تا له‌بینای‌ تۆفیق قه‌زاز بووین‌و نزیكه‌ی‌ 150 كه‌س بوونه‌ ئه‌ندام.

بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ یه‌كه‌م ئه‌نجومه‌نی‌ كارگێڕیی‌ ژووریش، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ فراواندا ده‌رگای‌ خۆكاندید كردن كرایه‌وه‌و 12 كه‌س له‌وانه‌ی‌ خۆیان كاندید كردبوو، بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ كارگێڕیی‌ هه‌ڵبژێردران. من وه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ هه‌ڵبژێردرام‌و ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێدرا كه‌ ببم به‌یه‌كه‌م سه‌رۆكی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌.
هه‌ر له‌یه‌كه‌م دانیشتنی‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ ژووری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ كه‌ كاتژمێر (4)ی‌ ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ 3/9/1967 له‌بینای‌ تۆفیق قه‌زاز به‌ڕێوه‌چوو، جگه‌ له‌سه‌رۆكی‌ ژوور، جێگری‌ سه‌رۆك، ئه‌مینداری‌ نهێنی‌‌و جێگری‌ ئه‌مینداری‌ نهێنی‌ به‌م شێوه‌یه‌ی‌ خواره‌وه‌ دیاریكران:
شێخ ئه‌حمه‌د جه‌لال ته‌ها ـ سه‌رۆكی‌ ژوور
حاجی‌ ئه‌حمه‌د ره‌شید ـ جێگری‌ سه‌رۆك
حاجی‌ عه‌بدولره‌حمان مه‌لا سه‌عید ـ ئه‌مینداری‌ نهێنی‌
عه‌بدول حاجی‌ محه‌مه‌د ـ جێگری‌ ئه‌مینداریی‌ نهێنی‌

ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رنجه‌، له‌و رۆژگاره‌دا پێش دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌، ته‌نها له‌شاره‌كانی‌ "به‌غدا، كوت، ناسریه‌‌و رومادی‌‌و هه‌ولێر" ژووری‌ بازرگانی‌ هه‌بوون. دوای‌ دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌، سه‌رۆكی‌ بانكی‌ رافیده‌ین بانگهێشتی‌ كردین بۆ به‌غدا‌و به‌ڵێنی‌ پێداین هه‌موو ئاسانكارییه‌كی‌ بانكیمان پێشكه‌ش بكات. پێش دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌، سلێمانی‌ ته‌نها 163 "اعتماد"ی‌ بانكی‌ هه‌بوو، دوای‌ دامه‌زراندنی‌ ژوور گه‌یشته‌ 1500 اعتماد. ئاسانكاری‌ بانكیش له‌ 100 دیناره‌وه‌ زیادكرا بۆ 1500 دینار، ئه‌وه‌ش هێزێكی‌ دارایی‌ باش بوو بۆ پێشخستنی‌ بازاڕی‌ سلێمانی‌.

ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌، گۆڕینی‌ كاری‌ بازرگانی‌ بوو له‌كڕین‌و فرۆشتنه‌وه‌ بۆ هاورده‌و هه‌نارده‌ كردن‌و ئاشناكردنی‌ بازرگانان بوو به‌وڵاتان‌و ئاسانكاری‌ كردن بوو بۆ ئاڵوگۆڕی‌ كاڵا‌و شمه‌ك‌و به‌شداریكردنی‌ بازرگانان له‌كۆبونه‌وه‌و بۆنه‌ ئابوری‌‌و بازرگانیه‌كاندا. به‌ڵام زۆری‌ نه‌خایاند، حیزبی‌ به‌عس ده‌سه‌ڵاتی‌ گرته‌ده‌ست‌و له‌سه‌ره‌تای‌ حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا به‌هۆی‌ سیاسه‌تی‌ تێكه‌ڵكردنی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و كه‌رتی‌ حكومییه‌وه‌ رۆڵی‌ ژووره‌ بازرگانیه‌كان پاشه‌كشه‌یان كرد، حكومه‌ت به‌مه‌به‌ستی‌ كۆنترۆڵكردنی‌ كاری‌ بازرگانی‌ خه‌ڵكی‌ خۆی‌ هێنا بۆ ژوور، ئه‌وه‌ش وه‌ك "كوده‌تا" وابوو. بازرگان‌و كاسبكاری‌ ناو بازاڕیی‌ نیگه‌ران‌و ناڕازی‌ كرد، تا گه‌یشت به‌وه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ناچاری‌ نه‌بوایه‌ ناسنامه‌ی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ ده‌رنه‌ده‌كرد.

حكومه‌تی‌ به‌عس خوازیاری‌ ئه‌وه‌ بوو له‌ڕێگه‌ی‌ كۆنتڕۆڵكردنی‌ ژووری‌ بازرگانییه‌وه‌ ئاگاداری‌ ورده‌كاریی‌ كاری‌ بازرگانی‌‌و نهێنیی بازرگانان بێت. بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ حكومه‌ت له‌كاری‌ ژووره‌ بازرگانیه‌كاندا، "14" سه‌رۆك ژووری‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ عێراق ئیمزامان كۆكرده‌وه‌‌و داوای‌ بینینی‌ سه‌رۆك كۆمارمان كرد كه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر بوو، پاش دیاریكردنی‌ رۆژی‌ چاوپێكه‌وتن، من راسپێردرام به‌ناوی‌ سه‌رۆك ژووره‌كانه‌وه‌ قسه‌ بكه‌م، وتم "كارێكی‌ هه‌ڵه‌یه‌ كه‌رتی‌ حكومی‌‌و كه‌رتی‌ تایبه‌ت تێكه‌ل ده‌كه‌ن".

پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه‌، من ئێستا زۆر خۆشحاڵم كه‌ ده‌بیستم ژووری‌ بازرگانی‌ گه‌شه‌یه‌كی‌ زۆری‌ كردووه‌، هیوادارم هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتوو بن‌و درێغی‌ نه‌كه‌ن له‌خزمه‌تكردنی‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌گشتی‌‌و بازرگانان‌و پیشه‌سازان به‌تایبه‌تی‌، من هه‌میشه‌ ژووری‌ بازگانی‌ به‌ماڵی‌ دووه‌می‌ خۆم ده‌زانم‌و به‌گه‌شه‌كردنی‌ خۆشحاڵ‌‌و به‌خته‌وه‌ر ده‌بم.

شێخ ئه‌حمه‌د جه‌لال ته‌ها
یەکەم سەرۆکی ژووری بازرگانی‌ سلێمانی


PM:12:13:30/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 785 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌