ئه‌زمونی‌ من له‌ژووری‌ بازرگانی‌‌ سلێمانی‌

لەناوه‌ڕاستی ساڵانی شەستەکانی سه‌ده‌ی‌ رابردوو بوو، كه‌ كومه‌ڵێك له‌بازرگانه‌كانی شاری سلیمانی، له‌وانه‌ی‌ ناویان له‌یاده‌وه‌ریمدا مابێت، به‌ڕێزان "حاجی ئه‌حمه‌د كه‌ریم ئاغاو شێخ ئه‌حمه‌دن شێخ جه‌لال‌و عه‌بدولعه‌زیز حاجی مه‌عروف‌و عه‌بدولی‌ سلۆو ئیبراهیم سه‌نگه‌رو چه‌ند زاتێكی به‌ڕێزی‌ تر..." ده‌ستپێشخه‌ر بوون‌و كاریان كرد بۆ دامه‌زراندنی‌ ژووری بازرگانی سلێمانی. 

رۆژی 11/5/1967 یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی دامه‌زراندنی ژووری بازرگانی له‌شاری سلێمانی كرا، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا به‌دروستكردنی چه‌ند به‌ش‌و لیژنه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی‌ رێكخستنی ئیشوكاری ژووری بازرگانی‌و هاندانی بازرگانه‌كان بۆ بوون به‌ئه‌ندام له‌ژووری بازرگانی. هه‌ر هه‌مان ساڵ‌ كۆنگره‌ی ژووره‌ بازرگانیه‌كانی هه‌مو عێراق له‌شاری سلێمانی گرێدرا.

روحی‌ شاد "شێخ ئه‌حمه‌د شێخ جه‌لال" بوو به‌یه‌كه‌مین سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی. دوای ئه‌و خوالێخۆشبوو "شه‌فیق ئاغا"، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاركه‌ی جگه‌ره‌ بوو له‌سلێمانی، بو به‌سه‌رۆكی ژووری بازرگانی، به‌پێی بڕیاڕی وه‌زاره‌تی ئابووری به‌به‌شدار بوونی كه‌رتی گشتی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ژووری بازرگانی. دوا به‌دوای ئه‌و خوالێخۆشبوو "عه‌بدوڵا زه‌نگه‌نه‌" بوو به‌سه‌رۆك.

یه‌كه‌م نوسینگه‌ی‌ ژووری بازرگانی، له‌بیناكه‌ی تۆفیق قه‌زاز بوو، دواتر بیناكه‌ی‌ گوێزرایه‌وه‌ بۆ لای قاڵدرمه‌كانی ته‌نیشت محه‌لی حاجی ئه‌حمه‌دی‌ كۆڵه‌ك كه‌ ده‌چێته‌ ناو بازاڕی به‌لدیه‌ی سلیمانی. دواتر بینایه‌كی گه‌وره‌ بۆ ژووری بازرگانی سلێمانی دروستكرا به‌رامبه‌ر به‌ئاماده‌یی‌ پیشه‌سازی‌، كه‌ له‌م دواییه‌دا ناوی گۆڕا بۆ ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی. 

به‌هاوكاری به‌نده‌ "سه‌باح قدوری"و پارێزه‌ر كاك "محه‌مه‌د سدیق" په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ ژووری بازرگانی نوسرا.

كاك محه‌مه‌د سدیق بوو به‌به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌و به‌نده‌ سه‌باح قدوری بوو به‌ژمێریار، له‌نێوان سالانی (1970 ـ 1976)، به‌ده‌وامی ئێواران. ئه‌و كات وه‌ك ژمێریار كارمه‌ندی‌ كارگه‌ی پوخته‌ كردنی توتن بووم له‌سلێمانی،  خوالێخۆشبوو "عەبدوڵا جەوهەر" ئه‌مینداری سندوق بوو.

پاشان، پێناسی‌ ژووری بازرگانی سلێمانی دروست كرا، كه‌ بازرگانه‌كانی پێ پۆلێن ده‌كرا، كه‌ كرابوون به‌چوار به‌ش، له‌یه‌كه‌وه‌ بۆ چوار. سێهه‌م‌و چواره‌م به‌شی (أ)و (ب)ی‌ هه‌بوو، به‌تایبه‌ تی بۆ به‌ڵێنده‌ران. چه‌ند مه‌رج‌و خاڵێك دانرابوو بۆ ئه‌م پۆلێن كردنه‌، بۆ نموونه‌ "توانای‌ دارایی‌، ره‌سیدی‌ بانكی‌، ئیشوكاری به‌ڵێنده‌ریی‌، مامه‌ڵه‌ی‌ بازرگانی كردنی‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌و تۆماركردن‌و په‌یوندی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی‌ باج سه‌ندن. 
 
سه‌باح قدوری
یەکەم ژمێریاری ژووری بازرگانی‌ سلێمانی



PM:05:53:29/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 903 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌