یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ ژوور

له‌ناوه‌ڕاستی‌ ده‌یه‌ی‌ 1960ه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك بازرگانی‌ هه‌ڵكه‌وتووی‌ شار كه‌ مامه‌ڵه‌و سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ‌ به‌غدای‌ پایته‌خت‌و جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌بوو، خولیای‌ پێكه‌وه‌نانی‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان كه‌وته‌ مێشكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاسانكاریان بۆ بكاو ئیش‌و كاریان له‌به‌ر بڕوات، رۆژ به‌رۆژیش زیاتر هه‌ستیان به‌پێویستی‌ دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ ده‌كرد. 

"شێخ ئه‌حمه‌د جه‌لال" یه‌كێك بوو له‌دیارترین ئه‌و بازرگانه‌ وریانه‌ی‌ كه‌ ئه‌م بیرۆكه‌یان له‌لا دروستبوو، سه‌ڕه‌اری‌ جیاوازی‌ ته‌مه‌نیش، به‌هۆی‌ باوك‌و مامه‌كانمه‌وه‌ كه‌ بازرگانی‌ ناسراوی‌ شار بوون، دۆستایه‌تیم له‌گه‌ڵ‌ شێخ ئه‌حمه‌د به‌هێز بوو، هه‌ربۆیه‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی‌ یه‌كه‌مجار له‌لای‌ من دركاند. گرفتێكی‌ كۆنه‌بونه‌وه‌ی بازرگانان له‌شێخ ئه‌حمه‌د ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ "شیوعی‌" بوو، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی‌ بازرگان‌و ئه‌هلی‌ بازاڕی‌ ئه‌و كاته‌ خه‌ڵكی‌ ئیماندارو حاجی‌ بوون. بۆیه‌ ئه‌ركی‌ رازیكردنی‌ بازرگانه‌كان‌و كاركردنیان بۆ ئه‌و ئامانجه‌، به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م كه‌وته‌ سه‌ر من. 

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كه‌وتمه‌ جموجۆڵ‌‌و په‌یوه‌ندیه‌كی‌ چڕ‌و پڕم به‌زۆربه‌یانه‌وه‌ كردو له‌ماوه‌ی یه‌ك دوو رۆژدا چه‌ندین بازرگانیی‌ شارم بۆ ئه‌و كاره‌ سازو رازی كرد، حاجی‌ باوكیشم ره‌زامه‌ندی نیشاندا، یه‌كێك له‌بازرگانه‌ دیاره‌كانی‌ ئه‌وكاتی‌ شاریش، حاجی ئه‌حمه‌دی‌ كه‌ریم ئاغا بو، كه‌ چوم بۆ لای‌و بیرۆكه‌و ئامانجی‌ كاره‌كه‌م بۆ باسكرد، یه‌كسه‌ر ئه‌ویش پشتگیری‌ لێكردو زۆری به‌لاوه‌ باش بوو، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌و كاره‌ شاگه‌شگه‌ بوو كه‌ ته‌نانه‌ت وتی‌ "ئه‌گه‌ر هه‌موو جه‌ماعه‌ت كاره‌كه‌یان به‌لاوه‌ باش بوو با كۆبونه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ دامه‌زراندنی‌ له‌ماڵی ئێمه‌ بكرێت".

دوای یه‌ك دوو رۆژ به‌سه‌ر ئه‌م ئاماده‌كارییه‌دا له‌به‌هاری‌ ساڵی‌ 1967دا، بازرگانه‌كانی‌ شار ئاگادار كران له‌كاتژمێر چواری ئێواره‌دا له‌ماڵی حاجی ئه‌حمه‌د كۆده‌بینه‌وه‌، 25 ئه‌ندام وه‌ك "ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ر" له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ئاماده‌ بون كه‌ پاش تاوتوێ‌ كردنی‌ چۆنیه‌تی‌ دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌، له‌سه‌ر نوسراوێك رێككه‌وتین‌و هه‌ر هه‌موومان ئیمزامان كرد.

حاجی ئه‌حمه‌د وتی: راپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م كاره‌ پێویستی به‌پاره‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ با هه‌ر یه‌كه‌و ٥٠ په‌نجا دینار بدات كه‌ هه‌مووی‌ ئه‌كاته‌ زیاتر لەهه‌زار دینار، هه‌ر كاتێك خه‌ڵكی ناسنامه‌ی وه‌رگرت پاره‌ وه‌رگیراوه‌كه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌، به‌ڵام با پاره‌كه‌ لای عه‌زیز (واته‌ به‌نده‌) بێت.

بۆ سبه‌ی‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌كان هه‌ركه‌سه‌و په‌نجا دیناری خۆیان نارده‌ لای من‌و خرایه‌ قاسه‌وه‌، ئیتر كه‌وتینه‌ به‌دواداچونی‌ رێوشوێنه‌ یاساییه‌كانی‌ دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌سمی‌ رەزامەندی وه‌رگرین له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ میریی. 

ئه‌و كاته‌ "بایز عه‌زیز دزه‌یی" پارێزگاری‌ سلێمانی‌ بوو، له‌هه‌مانكاتیشدا بازرگانیش بوو، زۆری پێخۆش بوو ئه‌م كاره‌ بكرێ، ئه‌وه‌ بوو ئاسانكاری‌ بۆ كردین‌و به‌ئاسانیش ره‌زامه‌ندی به‌غداش وه‌رگیرا.

كه‌ مۆڵه‌تی‌ دامه‌زراندنمان پێدرا، له‌بیناكه‌ی تۆفیق قه‌زاز له‌شه‌قامی‌ مه‌وله‌وی شوقه‌یه‌كمان به‌كرێگرت‌و تابلۆیه‌كمان هه‌ڵواسی‌، ئیتر به‌ده‌یان‌و سه‌دان كه‌س فۆرمی‌ ئه‌ندام بونیان وه‌رگرت، بۆ ئه‌ندام چه‌ند مه‌رج‌و پله‌به‌ندییه‌كمان هه‌بوو، كه‌ پله‌به‌ندی‌ ئه‌ندامێتی‌ به‌پێی‌ ئیمكانیه‌تی مادی كه‌سه‌كه‌ دیاریده‌كرا، مه‌رج بوو هه‌ر ئه‌ندامێك پشتگیریی‌ دوو كه‌سی ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌رو پشتگیریی‌ بانكیشی‌ بهێنایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ركه‌وێت كه‌ چه‌ند توانای مادی هه‌یه‌‌و به‌و شێوه‌یه‌ پله‌به‌ندییه‌كه‌ی‌ دیاریده‌كرا، كه‌ بازرگانی‌ پله‌ یه‌كه‌ یان پله‌ دوو سێیه‌.

پاش تێپه‌ڕینی‌ ماوه‌یه‌ك ده‌بوو له‌ڕووی‌ یاساییه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت بۆ دیاریكردنی‌ سه‌رۆك‌و ئه‌نجومه‌نی‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و هه‌ندێ به‌شی تر، به‌پێی‌ یاسا ده‌بوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی‌ ژوور ته‌مه‌نی له‌٣٠ ساڵ كه‌متر نه‌بێت، من ئه‌و كاته‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی‌ ئیداره‌و یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ ژووریش بووم، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌مه‌نم له‌ ٣٠ ساڵ كه‌متر بوو، نه‌متوانی خۆم بۆ پاڵاوتن ناونوس بكه‌م. ئه‌نجومه‌ن یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ سه‌رۆك سازكرد‌و سه‌ره‌نجام به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ شێخ ئه‌حمه‌د به‌یه‌كه‌م سه‌رۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی هه‌ڵبژێردرا.

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌، مێژوویه‌كی‌ دورودرێژ له‌دوای‌ خۆیه‌وه‌ به‌جێده‌هێڵێت، ئه‌م مێژووه‌ پڕه‌ له‌بازرگانی‌ دڵسۆزو نیشتمانپه‌روه‌ر، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و بازرگانانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌هه‌ول‌و كۆششی‌ بێوچانی‌ خۆیان، خشت به‌خشتی‌ ئه‌م ژوره‌یان خسته‌ سه‌ریه‌ك‌و خه‌ونیان به‌"ئابورییه‌كی‌ به‌هێزو وڵاتێكی‌ به‌هێز"ه‌وه‌ ده‌بینی‌.

عه‌زیز حاجی‌ مارف
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ژووری بازرگانی سلێمانی


AM:10:53:29/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 1501 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌