سلێمانی‌ به‌رده‌وام نوێبوونه‌وه‌

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌، له‌رۆژگارێكدا دامه‌زرا كه‌ شار خۆی‌ بۆ گه‌شه‌یه‌كی‌ هاوسه‌نگ‌و به‌رده‌وام له‌هه‌موو بواره‌كانی‌ ژیاندا ئاماده‌ ده‌كرد. دامه‌زراندنی‌ ئه‌م ژووره‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ‌ دامه‌زراندنی‌ تیپه‌ هونه‌رییه‌كانی‌ مۆسیقا‌و شانۆ، له‌گه‌ڵ‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كه‌مین زانكۆ له‌كوردستان‌و سه‌رهه‌ڵدانی‌ رێبازه‌ هاوچه‌رخه‌ ئه‌ده‌بی‌‌و سیاسییه‌كاندا. 

بۆ تێگه‌یشتنێكی‌ وردتر سه‌باره‌ت به‌دامه‌زراندنی‌ ئه‌م ژووره‌، پێویسته‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لێیبڕوانین كه‌ ساته‌وه‌خت‌و رۆژگاری‌ دامه‌زراندنی‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ‌ زنجیره‌یه‌ك گۆڕانكاریی ریشه‌ییدا كه‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینی‌‌و ده‌یویست نوێ‌ بێته‌وه‌.  

به‌رپرسیاریه‌تی‌ ئه‌م نوێ‌ بونه‌وه‌یه‌ش له‌بواری‌ بازرگانی‌‌و ئابورییدا، كه‌وته‌ ئه‌ستۆی‌ كۆمه‌ڵێك بازرگان‌و خاوه‌نكاری‌ هه‌ڵكه‌وتووی‌ ئه‌م شاره‌‌ كه‌ خه‌ونیان به‌گه‌شه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و به‌ په‌ره‌پێدانی‌ وڵات‌و به‌هێزكردنی‌ ئابوری‌ نیشتمانیه‌وه‌ ده‌بینی‌. به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی‌ له‌مێژووی‌ 200 ساڵه‌ی‌ ئه‌م شاره‌دا، زۆرن ژماره‌ی‌ ئه‌و بازرگان‌و پیشه‌وه‌رانه‌ی‌ له‌وه‌رچارخانه‌ مێژووییه‌كاندا خاوه‌نی‌ هه‌ڵوێستی‌ جوامێرانه‌ بوون. 

له‌ده‌یه‌ی‌ شەستەکانی سەدەی رابردوودا، سه‌رباری‌ شه‌ڕ‌و ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان‌و وێڕای‌ ئه‌وه‌ش سلێمانی‌ كه‌ له‌كوشتارو كاولكاری‌‌و ماڵوێرانی‌و قوربانیدان بۆ سه‌رخستنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد، پشكی‌ شێری‌ به‌ركه‌وتبوو، به‌ڵام هێشتا خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ كه‌ خه‌ڵكێكی‌ كرده‌‌و نه‌سره‌وتن، چاویان له‌سه‌ر بنیاتنانی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش بوو، هه‌ربۆیه‌ رۆژ به‌رۆژ شاری‌ سلێمانی‌ ئاوه‌دانتر ده‌بوو، بیناسازی‌‌و خزمه‌تگوزاریی‌ زیاتر‌و كاری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌و پیشه‌سازیی‌ گه‌وره‌تر ده‌بوون، بازاڕ له‌گه‌شه‌كردنی‌ به‌رده‌وامدا بوو، چینی‌ ناوه‌ڕاست رسكاوترو دانیشتوانی‌ شاریش خوێنده‌وارتر ده‌بوون. سه‌دان گوند‌‌و ناوچه‌ی‌ ئاوه‌دانیش كه‌ چوارده‌وری‌ شارییان دابوو، دانیشتوانه‌كانیان چالاكانه‌ به‌كاری‌ كشتوكاڵی‌‌و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ سه‌رقاڵ‌ بوون، به‌شێك له‌م به‌رهه‌مانه‌، به‌رهه‌می‌ ستراتیجی‌ بوون‌و زیاد له‌پێویستی‌ ناوخۆ به‌رهه‌مده‌هێنران‌و له‌لایه‌ن بازرگانانی‌ شاره‌وه‌ به‌ره‌و شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان‌و عێراق ده‌بران، یاخود وه‌ك كه‌ره‌سه‌ی‌ خاو له‌به‌رهه‌مهێنانی‌ پیشه‌سازیی‌و كارگه‌كانی‌ جگه‌ره‌و شه‌كردا به‌كارده‌هێنران.
 
له‌م سه‌روه‌خته‌دا كه‌ كاری‌ بازرگانی‌ له‌گه‌شه‌كردن‌و گه‌وره‌بوندا بوو، بازرگانانی‌ سلێمانی‌ بیریان له‌رێكخستنی‌ ئیش‌و كاره‌كانیان‌و دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ كرده‌وه‌، به‌و ئامانجه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌‌و خاوه‌ن سه‌رمایه‌و كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌كان له‌به‌رچاو بگرێت‌و هاریكاریش بێت بۆ گه‌شه‌ی‌ مرۆیی‌‌و ده‌سته‌به‌ر كردنی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ ئیش‌و كاری‌ گونجاو بۆ كێبڕكێ‌‌و گه‌شه‌كردن‌و به‌هێز بون.

وه‌ك چۆن له‌زۆربه‌ی‌ بواره‌كاندا سلێمانی‌ شارێكی‌ پێشه‌نگ‌و نوێخوازو سه‌رمه‌شق بووه‌ بۆ كوردستان، له‌م بواره‌شدا به‌رده‌وام كاری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌ نوێترین داهێنان‌و باشترین بیرۆكه‌ به‌ئامانجی‌ پێشخستنی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت پێشكه‌ش بكات‌و هه‌میشه‌ نوێ‌ بێته‌وه‌.
 
ئاراس مەعروف
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی



AM:03:54:28/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 2136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌