هەڵەبجە پێنج هه‌زار نه‌مامى زه‌یتونی هەیە كه‌ بەهۆی نەبوونی کارگەوه‌ سودی لێوه‌رناگیرێت

پارێزگای هەڵەبجە جگە لەپرۆژەی حکومیی پێنج هه‌زار نه‌مامى زه‌یتون، ژمارەیەکی زۆر داری زەیتونی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارگەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی زەیت، ناتواندرێت لە ناوخۆی پارێزگاکە سود لە بەرهەمەکە وەربگیرێت.

پڕۆژه‌ى چاندنى پێنج هه‌زار نه‌مامى زه‌یتون له‌ ساڵى ٢٠٠٨ به‌ناوى پێنج هه‌زار شه‌هیدى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ژینگه‌ى عێراق بنیاتنراوه‌ و سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کشتوکاڵى سلێمانى بووه‌ تا له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ خرایه‌ سه‌ر کشتوکاڵى هه‌ڵه‌بجه‌.

له‌دواى پێنج ساڵ ده‌ست به‌چنینه‌وه‌ى به‌رهه‌مى زه‌یتونی باخەکە کرا و  پاش فرۆشتنى، داهاتەکەی دەگەرێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بە دوو جۆر سود له‌ زه‌یتونەکە وه‌رده‌گیرێت، ئه‌وه‌ى سه‌وزه‌ زیاتر بۆ ناو ترشیات و سرکه‌ و ڕه‌شه‌که‌شى بۆ زه‌یتى زه‌یتون، که‌ ده‌برێت بۆ کارگه‌یه‌کى تایبه‌ت له‌ هه‌ولێر و زەیتەکەی لێ دەردەهێندریت.

لە ساڵانی ڕابردوو لەلایەن بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی-یەوە کرێکار و باخەوان-ی تایبەت بۆ خزمەتکردن و چنینەوەی بەرهەمی باخەکە ئامادە دەکرا، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەهۆی قەیرانی دارییەوە بەرهەمی باخەکە بە تەندەر دراوەتە چەند وەبەرهێنەرێکی ڕۆژئاوای کوردستان.

جگه‌ له‌م پڕۆژه‌یه‌ نزیکه‌ى ٣٠٠ دۆنم زەوی تر له‌سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌ باخی زەیتونە.

جه‌میل حه‌مه‌ئه‌مین، لێپرسراوى پڕۆژه‌ى باخى زه‌یتونى هه‌ڵه‌بجه‌، رایگه‌یاند:  باخەکەمان تووشی چەندین گرفت بووە، له‌وانه‌ که‌مى کارمه‌ند و کرێکار بۆ زیاتر خزمه‌تکردنى پرۆژه‌که‌، بچوکى حه‌وزى گلدانه‌وه‌ى ئاو.

جگە لەو گرفتانە، نه‌بوونى کارگه‌یه‌کى تایبه‌ت بە دروستکردنى زه‌یتى زه‌یتون لە سنوورەکە گرفتێکی دیکەیە، چونکە ەببوونی ئەو کارگە ده‌تواندرێت ساڵانه‌ بڕێکى زۆر له‌و زه‌یته‌ له‌ناو پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رهه‌م بهێندرێت و هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ى پارێزگاکه‌شى بکەن، به‌ده‌ر له‌ دابینکردنى هه‌لى کار بۆ چه‌ندین گه‌نج و کرێکارى ئه‌م شاره‌.

هەروەها، ئیسماعیل محه‌مه‌د، خاوه‌نى ته‌نده‌رى ئه‌مساڵى پڕۆژه‌ى باخى زه‌یتونى هه‌ڵه‌بجه، کە خه‌ڵکى کۆبانى ڕۆژئاواى کوردستانه‌، ده‌ڵێت:"ماوه‌ى دوو ساڵه‌ ئه‌م پڕۆژه‌ى زه‌یتونه‌ ده‌گرین و له‌به‌رامبه‌ر پێدانى بڕێک پاره‌ى دیارى کراو به‌رهه‌مه‌که‌ى ده‌چنینه‌وه‌ و به‌شێکى ده‌که‌ین به‌ترشیارت و ئه‌وى تریشى دهبەینە هه‌ولێر و له‌وێ له‌کارگه‌یه‌ک ده‌یکه‌نه‌ زه‌یتى زه‌یتون و ده‌یفرۆشین".

ئیسماعیل، وتیشى:"له‌به‌ر که‌مى خزمه‌ت و که‌مئاوى ئه‌مساڵ به‌رهه‌مى زه‌یتون زۆر که‌مییکردوه‌ و زۆریش باش نییه،‌ زه‌یتونى ئێره‌ له‌ ١٥ کیلۆ ئینجا کیلۆیه‌ک زه‌یت به‌رهه‌م دێت به‌پێچه‌وانه‌ى ڕۆژئاواى کوردستان له‌ پێنج کیلۆ یه‌ک کیلۆ زه‌یت به‌رهه‌م دێت".

نه‌جمه‌دین عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى باخداریى له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى کشتوکاڵى هه‌ڵه‌بجه‌، ئاماژەی بە گرفتێکی دیکەی باخەکە کرد و وتی:"جۆری نه‌مامى زه‌یتونه‌کان تێکه‌ڵن و ده‌بو هه‌مووى له‌و جۆره‌ بوایه‌، که‌ بکرێت به‌ زه‌یت".

نەجمەدین، وتیشی:"خواستى هاوڵاتیانى بۆ زه‌یتونى ناو ترشیات دیارى کراوه‌ و ڕێژه‌که‌ى که‌مه‌، بۆیه‌ له‌پلانماندایه‌ که‌ بۆ ساڵانى داهاتوو له‌برى ئه‌و دارزه‌یتونانه‌ى که‌ بۆ ناو ترشیات به‌رهه‌م ده‌هێنرێن بگۆڕین بۆ زه‌یتى زه‌یتون، که‌ داهاتێکى باشى هه‌یه‌ و ده‌توانین سودى زۆرى لێوه‌ربگرین".

سەبارەت بە گرفتەکانی دیکەش، ناوبراو، وتی: له‌ هه‌وڵداین و داواشمان کردوه‌ له‌ وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ به‌زووترین کات ئه‌و گرفتانه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
 
rojnews
 


PM:12:09:24/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌