ماڵی خانمان لەدەربەندیخان کڕیار و فرۆشیارە ژنەکانی شارۆچککە کۆدەکاتەوە

ماڵی خانمان لە شارۆچکەی دەربەندیخان، دەبێتە ماڵێک بۆ کڕیار و فرۆشیارە ژنەکانی شارۆچککە.

تریفە ئیبراهیم، هاوڵاتییەکی شارۆچکەی دەربەندیخان-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی-یە و مامۆستایە، لەگەڵ ئەوەشدا بازاڕێکی تایبەت بە ژنانی کردووەتەوە بەناوی (ماڵی خانمان) و کە کەلوپەلی ژنانی تێدا دەفرۆشرێت و تەنیا ژنانیش کاری تێدا دەکەن، کە ژمارەیان نزیکەی ١٥ فرۆشیارە.

تریفە، ده‌ڵێت: ئامانجم لە کردنەوەی ئەم بازاڕە ئەوە بوو، کە ژنان بتوانن ئابووریی خۆیان بەهێز بکەن، بە بێ چاوەڕوانیکردن لە پیاوان، هەروەها  لە نێو بازنەی دیاریکراوی ماڵەوە بێنە ناو مەیدانەکانی دیکە.

تریفە ئیبراهیم، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ژنان دڵخۆشن، کە ڕوولە بازاڕەکەیان دەکەن و مامەڵە لەگەڵ فرۆشیارە ژنەکاندا دەکەن، وتیشی:"کڕیارەکان دەستخۆشیی زۆرمان لێدەکەنەن".

سێوە محەمەد، دەرچووی بەشی فیزیای زانکۆی تەواوکردووە، بەڵام لە کەرتی حکومییدا هیچ هەلێکی کاری بۆ نەڕەخساوە، بۆیە وەک فرۆشیار لە ماڵی خانمان کار دەکات و چاوەرێی دەستی حکومەت ناکات.

سێوە، ده‌ڵێت:"من ئەم کارەم زۆرپێخۆشە و بە هێزێکی گەورەی دەبینم کە هەموومان ژنین و بە هاوکاریی یەکتر ئێرە بەڕێوە دەبەین، حەز دەکەم زیاتر پەرە بەو کارەم بدەم و هەموو ژنان بەشداربن و لە بێکاری خۆیان ڕزگاربکەن".

ناوبراو، وەک خۆی باسی دەکات، لە سەرەتاوە لە لایەن خانەوادەکەیەوە ئاستەنگیی دروست کراوە، بەڵام توانیوێتی باوەڕیان پێ بهێنێ، کە کارێکی باش دەکات و دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئێستا خانەوادەکەی دڵخۆشن بە کاری کچەکەیان.

بە خۆشحاڵییەوە ئێستا باوەڕییان بەوە هێناوە کە باشترین ڕێگام هەڵبژاردووە، بۆیە داواکارم لە هەموو ژنان کە کۆڵ نەدەن و بچن بە دوای ئەو شتانەی کە دەیانەوێ و دڵنیاشم دەتوانن سەرکەون".

سەرپەرشتیاری ماڵی خانمان لە بەرنامەیدایە بە هاوکاریی ژنانی ناو ماڵەکە، پرۆژەکەی فراوانتر بکات و کافتریایەکی تایبەت بە ژنان بکاتەوە.
 
 
 
 
rojnews



PM:04:22:23/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌