كۆمپانیای بلاكبێری نوێترین مۆبایلی به‌ تایبه‌تمه‌ندی سه‌رسوڕهێنه‌ر خسته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌

دوای ماوه‌یه‌كی زۆر دابڕان كۆمپانیای بلاكبێری نوێترین مۆبایلی به‌ تایبه‌تمه‌ندی سه‌رسوڕهێنه‌ر خسته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ و وه‌ك كۆمپانیاكه‌ش ئاماژه‌ی پێداوه‌ ئه‌م مۆبایله‌ به‌ به‌هێزترین مۆبایل داده‌نرێت له‌ دنیادا. كۆمپانیای بلاكبێری دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌مێك بڕیاری دا بۆ كۆتاكانی مانگی ئایار/مایۆی ساڵی 2018 مۆبایلێكی نوێی دروست بكات و بیخاته‌ بازاڕه‌كانی دنیاوه‌، بۆیه‌ له‌ ئه‌نجامدا كۆمپانیاكه‌ نوێترین مۆبایلی دروست كرد به‌ناوی "Key2" ه‌وه‌ كه‌ زۆر به‌دیزاینێكی جوان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی به‌هێز دروست كردووه‌. كۆمپانیاكه‌ له‌باره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م مۆبایله‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی داوه‌، مۆبایله‌ نوێكه‌ی ئه‌م كۆمپانیایه‌ پاترییه‌كی 3360 میلی ئه‌مپێری له‌سه‌ره‌ و پرۆسێسه‌رێكی به‌هێزی هه‌یه‌ كه‌ ده‌گاته‌ 660، جگه‌ له‌وه‌ش كامێرایه‌كی به‌هێزی بۆ دانراوه‌ كه‌ كامێرای پێشه‌وه‌ی هه‌شت مێگا پێكسڵه‌ و كامێرای دواوه‌ی 16 مێگا پێكسڵه‌، هه‌روه‌ها شاشه‌یه‌كی روونی هه‌یه‌ كه‌ 4.5 ئینجه‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی دووگمه‌ی كیبۆرد و روونییه‌كه‌ی ده‌گات 1080 به‌ 1620 پیكسڵ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌م كۆمپانیایه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ڕامی ئه‌م مۆبایله‌ نوێیه‌ شه‌ش گێگا بایته‌ و میمۆری ناوه‌كی له‌ 64 گێگا بایته‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و ده‌گاته‌ 256 گێگا بایت، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا به‌ سیسته‌می ئه‌ندرۆید 8.1 كار ده‌كات و نرخه‌كه‌شی ده‌گاته‌ 560 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.