ئه‌م هه‌لیكۆپته‌ره‌ له‌ توركیا به‌رهه‌م هێنراوه‌

بیسته‌مین هه‌لیكۆپته‌ری جۆری T129 ATAK كه‌ توركیا به‌رهه‌می هێناوه‌ له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ به‌شداریی وه‌زیری به‌رگریی توركیا، فكری ئشك و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی وشكانی جه‌نه‌راڵ، ساڵح زه‌كی چۆڵاك راده‌ستی سوپا كرا. له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ له‌ ناوه‌ندی تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا له‌ قۆنیا به‌ڕێوه‌چوو، توانای فڕینی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌وانه‌كانه‌وه‌ تاقیكرایه‌وه‌ و چه‌ند ئامانجێكێ پێ پێكرا. فکری ئشك له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا گوته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌، هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ به‌ تواناكانی ناوخۆی توركیا دروستكراوه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌ندازیاره‌ توركه‌كانه‌وه‌ چه‌كی پێشكه‌وتووی لێبه‌ستراوه‌. دواتر وه‌زیری به‌رگریی توركیا له‌ رێگه‌ی بێته‌له‌وه‌ له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌وانه‌كاندا دوا و ده‌ستخۆشیی لێكردن بۆ پێكانی ئامانجه‌كان.