(سبه‌ی): له‌پێناو ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاشنابون به‌سیاسه‌تی ئابوری نوێی بازاری ئه‌ڵمانیا، ژوره بازرگانیه‌کانی هه‌رێم پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ژوره بازرگانیه‌كانی ئه‌ڵمانیا ده‌خاته بواری جێ به‌جێكردنه‌وه.
حه‌سه‌ن باقی هه‌ورامی، سه‌رۆكی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی راگه‌یاند: بۆ پێشخستنی بواری ئابوری هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک ژوره بازرگانیه‌کانی هه‌رسێ شاره‌که‌ی هه‌رێم پرۆژه‌یه‌کمان بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌گه‌ڵ ژوره بازرگانیه‌كانی وڵاتی ئه‌ڵمانیا ئیمزا کردوه.
وتیشی: گرنگی ئه‌م پرۆژه‌یه له‌وه‌دایه که تاكو ئێستا ئه‌ڵمانیا به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ئیمزا نه‌كردوه، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و كار‌و پرۆژه ئیمزا کراوانه‌ی بۆ یه‌که‌مجار له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئه‌نجامیانداوه.
هه‌ورامی، ئه‌وه‌شی وت: ئێمه ئه‌م پرۆژه‌یه به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پسپۆڕ‌و شاره‌زایانی ئه‌و وڵاته بهێنین بۆ هه‌رێمی کوردستان و یارمه‌تیمان بده‌ن له‌پێشخستنی بواری بارزگانی و که‌رتی تایبه‌ت و بازاڕی ئازاد.
سه‌رۆكی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی‌باسی له‌وه‌شكرد، ئامانجێکی دیکه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌رچاوه مرۆییه‌كانی ژوره بارزگانییه‌کانی هه‌رێم و كارمه‌ندو ستافه‌كانیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ئاستێكی به‌رزتردا كاربكه‌ن، جگه‌له‌وه‌ش كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی ئایتی و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری له‌خۆده‌گرێت.
ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد، له‌مانگی ئابی ئه‌مساڵدا له‌به‌رلین یه‌كه‌مین دانیشتنی خۆمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕه‌سمی ده‌ست بكه‌ین به‌ڕاپه‌راندنی كاره‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه.